کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژەی خۆکوژی لە ئێراندا لەسەدا ١٤ زیادی کردووە

15:09 - 8 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە ئاماری خۆکوژی لە ئێراندا لەسەدا ١٤زیادی کردووە.
بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ١٣٩٢ی هەتاویدا ئاماری خۆکوژی لە ئێران بە بەراود لەگەڵ ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو لەسەدا ١٤ زیادبوونی بە خۆیەوە بینیوە.
لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵەدا لە ئێران ٣ هەزار و ١٢٥ حاڵەتی خۆکوژی لە ئێراندا رووی داوە کە ٩٨٢ حاڵەتی ئەو خۆکوژییانە بۆ ژنان و ٢ هەزار و ١٤٣ حاڵەتی دیکەش بۆ پیاوان رووی داوە.
بەپێی ئاماری پزیشکی یاسایی، پارێزگای کرماشان لە بواری خۆکوژییەوە پلەی دووهەمی لە وڵاتی ئێرندا هەیە.
لەو پێوندییەدا و بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خۆکوژیی ژنان لە کوردستانی ئێران رووی لە زیادبوون کردووە و تەنیا لە ماوەی هەشت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٥٧ ژنی کورد خۆیان کوشتووە.
نزیک بە لەسەدا ٥٠ی خۆکوژیی ژنان لە کوردستانی ئێران بە شیوەی خۆسووتاندن بووە، بەڵام لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە لەسەدا ٤٩ی خۆکوژییەکان لە ئێراندا بە شێوەی خۆهەڵواسین ئەنجام دراوە.