کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووە لە زیادبوونی رێژەی ئیعدامەکان لە ئێران، نیگەرانیی خۆی دەربڕی

12:33 - 21 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، حەسەن رۆحانی دەروەست بە بەڵێنییەکانی نەبووە و ئازادییەکان لە ئێران زیادیان نەکردووە و ئێمە لە زیادبوونی رێژەی ئیعدامەکان لە ئێراندا نیگەرانین.
بەپێی راپۆرتێک لە رۆیتێرز بڵاوی کردووەتەوە، بانکی مۆن وتوویەتی: بەپێی ئەو بەڵێنییانە کە حەسەن رۆحانی لە سەردەمی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردندا و دواتریش وەکوو سەرکۆمار هێنایە ئاراوە دەوڵەتی نوێی رێژیم هیچ هەنگاوێکی لەمەڕ باشتربوونی ئازادیی بەیان و پاراستنی ئەو ئازادییانە هەڵنەگرتووە و راگەیەنەکانی ئێران وەکوو چاپەمەنی و میدیا ئانلاینەکان هەروا لەژێر گوشاری سانسۆر دان و لە هەندێ حاڵەتیشدا داخرانی رۆژنامەکان هاتووەتە ئاراوە.
ناوبراو هەروەها لەهەمبەر زیادبوونی رێژەی ئیعدامەکان لە ئێران نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و وتوویەتی هەرچەندە زۆربەی ئەو ئیعدامییانە تۆمەتیان ماددەی هۆشبەر بووە، بەڵام لە نێویشیاندا زیندانییانی سیاسیی سەربە نەتەوەکانی غەیری فارس دەبینرێن.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر رایگەیاندبوو، لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا ٥٠٠ هەتا ٦٢٥ کەس لە ئێراندا لە سێدارە دراون کە لەم نێوەدا ئیعدامی ٥٧ کەسیان لە بەرچاوی گشتیی خەڵکەوە بەڕێوەچووە.
بە وتەی ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییە، لە ١٥ رۆژی یەکەمی مانگی ژانوویە ٤٠ کەسی دیکە لە ئێراندا ئیعدام کراون.
سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووە هەروەها ئاماژەی بە دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان کردووە کە بیر و باوەڕی جیاوازیان لەگەڵ رێژیم هەبووە و وتوویەتی: کۆمەڵێکی زۆر زیندانیی سیاسی لە ئێراندا بوونی هەیە.
بە وتەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دێسامبری ساڵی ٢٠١٣ی زایینییەوە هەتا ئێستا (سێ مانگ و نیو)، ٣٥ رۆژنامەنووس و ١٦ چالاکی ئینترنێتی بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەسبەسەر کراون.
بانکی مۆن وتیشی: سەرەڕای داواکاریی بەردەوام و شێلگیرانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئیزنی سەردانی بە رێپۆرتێران و پشکێنەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نەداوە.
ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەتا ئێستا چەندین راپۆرتی لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بڵاو کردووەتەوە و بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا راپۆرتێکی نوێ بڵاو بکاتەوە.