کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانیارییەكانی دەرهێنەری فیلمی \"چ\" لە سەر كوردستان: كۆبانی لە كوردستانی عێراقە

15:31 - 13 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: ڕۆژنامەی شرق چاپی تاران، لە ژمارەی ڕۆژی سێ‌شەممە ١١ی ڕەشەممەی خۆیدا وتووێژێكی لەگەڵ ئیبراهیم حاتەمی كیا، دەرهێنەری بەناوبانگی سینەمای ڕێژیم بڵاو كردۆتەوە كە دەقی قسەكانی ئەو دەرهێنەرەی سینەمای جەنگی ڕێژیم، نیشاندەری بێ ئاگابوون و نەزانیی سەیروسەمەرەی ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ پرسە سیاسییەكان و تەنانەت جوغرافیای كوردستاندایە.

ئەو دەرهێنەرەی ڕێژیم لە بەشێك لە وتەكانی خۆیدا كە ڕوون نیە باس لە كام كۆبانی و كام شەڕانە لە كوردستاندا دەكات، دەڵێ:
لە كۆبانی كە لە ناوچەی كوردستانی عێراقدا هەڵكەوتووە، پەكەكە حوزوورێكی بەرچاوی هەیە. هێزەكانی پەكەكە زۆرێك لە سەربازەكانی ئێمەیان لە سەربازگەكان و پاسگاكاندا شەهید كردووە. كاتێك كە مەسەلەی كۆبانی هاتە پێش، جوامێریی پاڵەوانانەی قاسم سلێمانی بە جۆرێك بوو كە نەیگوت لێیان گەڕێن با هەموویان بە تۆڵەی ئەو ستەمكارییانەی كە لە كاتی هێرش بۆ سەر سەربازەكانی ئێمەدا كردیان، تێدا بچن! بەڵكوو بە هێزەكانیەوە ڕۆیشت و كۆبانیی ڕزگار كرد و نەیهێشت شار بكەوێتە دەستی داعش.

شایانی باسە متمانەی حاتەمی كیا بەو جۆرە زانیارییە بێ‌كەڵكانەی خۆی لە سەر جوغرافیای كوردستان و هەڵكەوت و پێگەی هێزە سیاسییەكانی بزووتنەوەی كورد لە چوار پارچەی كوردستاندا بە ڕادەیەكە كە جارجار تەنانەت لە سەر بنەمای ئەو بەناو زانیارییانە فیلمیش لە سەر كوردستان و بزووتنەوەی كورد دروست دەكات.

فیلمی چ بە دەرهێنەریی حاتەمی كیا كە باس لە چالاكییەكانی پاسدار موستەفا چەمران دەكات، یەكێك لەو بەرهەمە سینەماییانەی ڕێژیمە كە بە تێچوویەكی قورس دروست كرا و تێیدا تەبلیغاتێكی بێ بنەما بە قازانجی داگیركارییەكانی ڕێژیم و دژ بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانی ئێران كراوە.