کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لەسەدا ٦٢ی منداڵانی ئێران، لە خوێندنی سەرەتایی بێبەشن

16:54 - 28 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە هەر هەشت منداڵدا لە ئێران لانیکەم پێنج کەسیان لە ئیمکاناتی پەروەردە و بارهێنان و خزمەتگوزاریی خویندن، بێبەشن.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لەسەدا ٦٢.٥ی منداڵانی ئێران لە ئیمکانات و خزمەتگوزاری پەروەردەی سەرەتایی و خویندن بێبەشن و بەرپرسانی رێژیمیش جگە لە بەڵێنیی پووچ و بێ بنەما، هیچ هەوڵێک بۆ جارەسەریی ئەو گرفتانە نادەن.

هەاڵدەرییە نێوخۆیییەکان لە زاری بەرپرسی سمیناری ئامووزش و سڵامەتی منداڵانەوە رایگەیاند، لە هەر هەشت منداڵی ئێرانی، لانێکەم پێنج کەسیان هەلی خوێندنیان بۆ نەرەخساوە و ناتوانن خوێندن دەست پێ بکەن.

ئەو بەرپرسە هەروەها وتوویەتی: لە وڵاتی ئێران زیاتر لە هەشت میلیۆن منداڵی قۆناغی پێش خوێندن (نێوان تەمەن ٤ هەتا ساڵ ٧) بوونی هەیە کە ٥ میلۆن کەسیان لە ئیمکاناتی پێویستی ئامووزشی بێبەش کراون.

لەو پێوەندییەدا و بەپێی راپۆرتی کوردستانی میدیا، لە ساڵی ٩١ ــ ٩٢ خوێندندا، نزیک بە ١٣٥ قوتابیی گوندەکانی دەرەکێ و دەمەیەو بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن، ناچاربوون هەموو رۆژەکانی ساڵ هاتوچۆی گوندی دزڵی بکەن و هەزینەکانی هاتوچۆ بووەتە هۆی ئەوە کە ٤٦ قوتابی واز لە خوێندن بێنن. ئەو قوتابییانە ساڵانە ٤٨ میلیۆن تمەن پارە تەنیا بۆ هاتوچۆ بۆ قوتابخانە سەرف دەکەن.

هەر لەو پێوەندییەدا دانیشتوانی گوندی کڵاش هۆش، سەربە کڵاشی شارستانی جوانڕوی پارێزگای کرماشان، لە خزمەتگوزاریی ئامووزشی و بەتایبەت لە قوتابخانەی دواناوەندی کچانە بێبەش کراون.

لەو پێوەندییەدا یەکێک لە دانیشتوانی ئەو گوندە وتوویەتی: ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییانی کچ بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی ئامووزشی بە تایبەت نەبوونی قوتابخانەی دواناوەندی واز لە خوێندن دێنن\'\'.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەو پێوەندییەدا، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بە دابین نەکردنی ئیمکاناتی ئامووزشی بۆ قوتابخانەی گوندەکان، وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ، کەمیی فەزای ئامووزشی و کێشەگەلێکی دیکە، سیاسەتی نەخوێندەوارکردنی نەتەوەی کورد لە کوردستاندا پێڕەو دەکات.