کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لەسەدا ٦٥ی هاووڵاتییانی ئیسراییل خوازیاری هێرشی نیزامی بۆسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانن

14:41 - 13 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: بەگوێرەی راپرسییەک کە یەکێک لە رۆژنامەکانی ئیسراییل ئەنجامی داوە، زیاتر لە سەدا ٦٥ی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە هاوڕای هێرشی نیزامی بۆسەر دامەرزاوە ناوکییەکانی رێژیمی ئێرانن.
هاوڕابوونی زیاتر لە سەدا ٦٥ی هاووڵاتییانی ئیسراییل بەو جۆرە هاتووەتە ئاراوە کە، ئەگەر هێڕشی نیزامیی ئیسراییل بۆسەر دامەزراوە ناوکییەکانی رێژیمی ئێران پشتیوانیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشی بەدواوە نەبێت، ئەو هێڕشە ئەنجام بدرێت.
لەو پێوەندییەدا زێیۆ ئەلکەین جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی دەوڵەتی ئیسراییل، وتوویەتی: ئیسراییل لەو بڕوایە دایە کە کێشەی ناوکیی رێژیمی ئێران لە رێگەی ئاشتییانەوە چارەسەر بکرێ، بەڵام لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان و وەڵام نەدانەوە بە هەوڵە نیودەوڵەتییەکان لەمەڕ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە، ئیسراییل تەنانەت بۆ یەک چرکەش لە هێرشی نیزامی بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران دوردونگ نابێت.
پێشتریش سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل لە کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رێژیمی ئێران بە دروست کرنی جەکی ناوکی تاوانبار کردبوو و لەم پێوەندییەشدا وتبووی: \'\'تەنانەت ئەگەر ئسراییل لە بەرنگاربوونەوە لەگەڵ رێژیمی ئێران بەتەنیا بمینێتەوە، هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە\'\'.
دواندەریی بنیامین نەتانیاهۆ لە کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رەخنەی توندی رێبەرانی رێژیمی ئیسلامیی ئیرانی بە دواوە بوو، بەڵام بەپێی راپرسییەکی نوێ کەلە ئیسراییلدا ئەنجام دراوە، ٥١،٤% هاووڵاتییانی ئیسراییل لە قسەکانی نەتانیاهۆ، دڵخۆش و رازی بوون.