کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیاتر لە ١٦٢ هەزار کەس لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا کوژراون

15:42 - 30 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریەدا کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە درێژەی هەیە، زیاتر لە ١٦٢ هەزار کەس کوژراون.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە لە بریتانیا کە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاوی کردووەتەوە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوخۆیی ئەو وڵاتە، هەتا ئێستا زیاتر لە ١٦٢ هەزار کەس کوژراوان کە نزیک بە ٥٤ هەزار کەسیان خەڵکی سڤیل و هەشت هەزار و ٦٠٠ کەسیان منداڵ بوون.

هەروەها لە کۆتایی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، هەواڵدەریی ئاناتۆلی لە زاری چاودێری مافی مرۆڤی سووریەوە بڵاوی کردەوە کە ١٣ هەزار ژن لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی سووریەدا کوژراون و ٤٢ هەزار کەس لە هێزەکانی دژبەری رێژیمی بەعسی بەشار ئەسەد لەو شەڕەدا گیانیان لە دەست داوە.

لە راپۆرتێکی دیکەدا چاودێری مافی مرۆڤی سووریە بڵاوی کردووەتەوە، هەتا ئێستا ٦١ هەزار کەس لە هێزەکانی ئەسەد و ٤٣٨ کەس لە ئەندامانی \'\'حیزبووڵڵا\'\'ی لوبنان لە سووریەدا کوژراون.

هەتا ئێستا زیاتر بە ٥٠ کەس لە هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە بۆ پاڵپشتی لە رێژیمی بەعسی ئەسەد شان بە شانی هێزەکانی ئەسەد لە سووریە شەڕ دەکەن، کوژراون.

لەو پێوەندییەدا بەپێی راپۆرتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە شەڕی نێوخۆیی سووریە زیاتر لە ٩ میلیۆن کەس لەو وڵاتە بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە.

بەپشت بەستن بە ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ٢ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار هاووڵاتیی سووریە لە دەرەوەی ئەو وڵاتە داوای پەنابەرییان کردووە.