کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زێڕینگەرییەکانی شاری ئورمیە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ماڵیات مانیان گرت

21:28 - 30 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: بەهۆی بەرزبوونەوەی ماڵیات بە رێژەی لە سەدا ٨، زێڕینگەرییەکانی شاری ئورمیە دەستیان دایە مان گرتن و دووکانەکانیان داخست.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، دووکانداران و زێڕینگەرییەکانی شاری ئورمیە بەهۆی بەرزبوونەوەی لەسەدا ٨ی ماڵیات، دووکانەکانیان داخست.

بەپێی ئەم راپۆرتە دووکانداران سەرەڕای بەرزبوونەوەی لەسەدا ٨ی ماڵیات، بەناچاری لەسەدا ٧ی داهاتیان وەکوو تەعرەفەش دەدەن بە رێژیمی ئیسلامیی ئێران.

زۆربەی دووکاندارانی شاری ئورمیە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ماڵیاتەکەیان دووکانەکانیان داخستووە و روویان لە کاری دیکە کردووە.

هاووڵاتییەکی شاری ئورمیە سەرەڕای پژڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە کوردستان میدیای راگەیاند: زێڕینگەرییەکانی کوردی شەهرەکی قەهوەباغ، ئیسلام ئاباد و کوشتارگا بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی شاری ئورمیە لەگەڵ کێشەگەڵێکی دیکە وەکوو \'\'پەروانەی کەسب\'\' بۆ کار بەرەوڕوو دەبنەوە.

ئەو هاووڵاتییە چەند قات بوونی کێشە زێڕینگەرییەکانی ئەو شەهرەکانە، بۆ کوردبوونی ئەو هاووڵاتییانە دەگەڕێنێتەوە.

لەو پێوەندییەدا، لە کۆتایی وەرزی پاییزی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، زێڕینگەرییەکانی شارستانی کامیاران بەهۆی بەرزبوونەوەی ماڵیات لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، ناڕەزایەتییان دەڕبڕێ و دووکانەکانیان داخست.