کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سازدانی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کولتوور لە کوردستانی بچووک (نەشڤیل)

12:44 - 18 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: رەوەندی کوردی لە شاری نەشڤیل لە ویلایەتی \'\'تێنسی\'\' بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی کۆمەڵگای کوردی، بە ئەنجام دانی چالاکیی جۆراوجۆر لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی کولتووردا بەشداریی کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ پێش ئێستا کوردەکان لەگەڵ ٣٠ نەتەوەی دیکە، بەشداریی‌یان لە فیستیڤاڵی کولتووری نەتەوەیی‌لە شاری نەشڤیل کرد و بە رەشبەڵەک و گۆڤەند، نیشاندانی جلوبەرگی کوردی، شانۆ و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر کورد و کوردستان، سەرەنجی زۆر کەسی بیانییان بۆ لای کولتوور و کەلەپووری کوردستان لەو فیستڤاڵە نێونەتەوەیی‌یەدا راکێشا کە پتر لە ٥٠ هەزار کەس تێیدا بەشدار بوون.
کوردەکان لە فیستیڤاڵی ئەمساڵی نەشڤیلدا، کە ماوەی پازدە ساڵە بە بەردەوامی بەڕێوە دەچێ و نەتەوەکانی سەرانسەری جیهان کە لەو مەڵبەندەدا دەژین و هەوڵ دەدەن لەو دەرفەتەدا تایبەتمەندیی نەتەوەیی خۆیان بە خەڵکی دیکە نشان بدەن و بناسێنن، کوردەکان نەک تەنیا بە نیشاندانی جلوبەرگ و گۆڤەند و رەشبەڵەکی کوردی، بەڵکوو بە رازاندنەوەی چادری کوردی و شەکانەوەی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی زانیاری هەمە لایەنە لەسەر کورد و تایبەتمەندییەکانی کولتوور و کەلەپووری دەوڵەمەندی کوردستان، سەدان کەسیان بە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەی کورد ئاشنا کرد.
پێویستە بگوترێ کە نەشڤیل مەزنترین شاری ویلایەتی تێنسیە کە پتر لە ٦٠٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە و بە پایتەختی مووزیکی ئەمریکا، یان سەرزەمینی مۆسیقای رەسەن، ناودێر کراوە.
زۆرترین رێژەی کوردەکانی نیشتەجێی ئەمریکا، لە شاری نەشڤیل دەژین کە نزیک بە ١٥ هەزار کەس دەبن، هەر بۆیە ئەم شارە بە \'\'کوردستانی بچووک\'\'ی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوبانگی دەرکردووە.