کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‌‌سمینارێكی زانستی لەپێوەندیی كەسایەتی دكتور قاسملوو لەهەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو

18:07 - 20 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: یەكیەتیی خوێندكارانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە بەرەبەری ٢٤ ساڵەی تیرۆركرانی شەهید دكتور قاسملوو سمینارێكی زانستی لە سەر ئەندێشە و روانگەكانی ئەو رێبەرە گەورەی كوردە بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٩ی پووشپەڕ لەزانكۆی كۆیە سمینارێك لەژێر ناوی دكتور قاسملوو، سوسیالیزمی دێموكراتیك، رێبەری بە كۆڕگێڕی ٤كەسایەتیی ئەكادمیك و لێكۆڵەر بەرێوەچوو.
سمینارەكە بە ساتێك بێدەنگی بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان بەتایبەت شەهید دكتور قاسملوو دەستیپێكرد.
پانێلی یەكەم بە بەشداریی كەریم پەرویزی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و حیسام دەستپیش، مامۆستای زانكۆ كرایەوە. كەریم پەرویزی كە تەوەری سەرەكیی باسەكەی سەبارەت بە سوسیالیزمی دێمۆكراتیك بوو بە مێژووی سوسیالیزم و هاتنی بۆ ئێران و كوردستان دەستیپێكرد و وتی: دكتور قاسملوو لە كۆنگرەكانی 4،5 و 6 لە هەوڵدابوو كە سوسیالیزمی دێمۆكراتیك بهێنێتە ناو هزری سیاسی حیزب و دواجار سوسیالیزمی دێموكراتیك بوو بە ئامانجی دوا رۆژی حیزبی دێموكرات.

دواتر حیسام دەستپیش، مامۆستای زانكۆ بابەتێكی لەژێر ناوی قاسملوو لە ئەفسانەوە و راستی پێشكەش كرد.

قاسملوو لەئەندێشەی سیاسییدا، بابەتی بەرێز پەرویز رەحیم قادر لە دەستپێكی پانێلی دووهەمدا بوو.

بەشداربووی دووهەم لە پانێلی دووەم بەرێز سۆران سەلیمی، رۆژنامەوان و لێكۆڵەر بوو كە بابەتەكەی لەژێر ناوی خەباتی چەكداری لە روانگەی قاسملوووە پێشكەش كرد.

لەبڕگەیەكی دیكە سیمینارەكەدا خەڵاتی قاسملوو لەلایەن یەكیەتی خوێندكارانەوە پێشكەش بە بەڕێزان خدر سەداقەت، محەممەدخان موساعیدی، فەتحوڵڵا خۆبایی و محەممەد ناسری پێشمەرگەی دێرین و رێبوارانی رێگای دكتور قاسملوو كرا.
لەلایەكی دیكەوە ژمارەیەك خوێندكاری زانكۆ و پەیمانگەكانیش خەڵاتیان پێ‌ بەخشرا.