کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووتاندنی بە ئەنقەستی دارستانەکانی کوردستان، ئەم جارە لەسوڵتان یاعقوبی نەغەدە

17:52 - 12 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: لە درێژەی ئاگردانە بە ئەنقەستەکانی سروشتی کوردستانی ئێران ، ناوچەی گەشتیاری و سەیرانگای سوڵتان یاعقوبی نەغەدە سووتێندرا.
ئاگر کەوتنەوە لەناوچەی گەشتیاری سوڵتان یاعقوب بووە هۆی لەناوچوونی زیاتر لە ١٠ هێکتار زەوی و زار و دارستانەکانی ئەو ناوچەیە.
لەو پیوەندییەدا سایتی شنۆباس بڵاوی کردەوە، ئەو ئاگر کەوتنەوەیە لەشەودا رووی داوە و هاووڵاتیانی مەدەنیی ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە .
هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی دروست سەبارەت بە خەمڵاندنی رێژەی زەرەر و زیانی ئەم رووداوە لەبەر دەستدا نیە.
سوڵتان یاعقوب یەکێکە لە چیاکانی دەوروبەری نەغەدە و سروشتێکی زۆر جوانی هەیە و لە باشوری نەغەدەدا هەڵکەوتووە و نزیکەی ٤ کیلۆمیتر لە ناوەندی ئەم شارەوە دوورە، سروشتە جوانەکەی وای کردووە کە رێژەیەکی بەرچاو گەشتیار رووبکەنە ئەو ناوچەیە.
شاخەوانی ناوداری کورد محەممەد هەوراز لە سوڵتان یاعقوب بە خاک سپێردراوە.

هەر لەم پەیوەندیەدا و لە مەریوانیش بەهۆی ئاگر کەوتنەوە رێژەیەکی بەرچاوی سروشت و دارستانەکانی ئەم ناوچەیە لەناوچون و ژمارەیەکی زۆر گیانلەبەر لە ئاگردا سووتاون.
ماوەی چەند ساڵێکە سووتانی دارستانەکانی شاری مەریوان هەرەشە لە سروشتی جوانی ئەم شارە دەکات و هیچکام لەناوەندەکانی رێژیم خۆیان لەمەڕ چارەسەریی بە بەرپرسیار نازانن.
رێکخراوی سەوزی چیای مەریوان لە ئامارێکدا بڵاوی کردووەتەوە، لەماوەی ٥ مانگی رابردووەوە هەتا ئێستا لەشاری مەریوان و سەوڵاوا نزیک بە ٩٠ حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە رووی داوە.