کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسدارانی ڕێژیم لە هەوڵی پەل‌هاویشتنی زیاترە

15:10 - 4 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی هەوڵەکانی بۆ پەل‌هاویشتنی زیاتر، لە سەر بڕیاری عەلی خامنەیی سەرقاڵی دامەزراندنی هەوانیروزە.

پاسدار عەبدوڵڵا عێراقی، جێگری فەرماندەی هێزی زەمینی سپای پاسدارانی ڕێژیم لەوبارەوە ڕایگەیاند: بەبڕیاری وەلی فەقیهـ، سپا سەرقاڵی دامەزراندنی هێزی هەوایی خۆی لە شێوازی هەوانیروزە.

ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی سپای پاسداران هێزی هەوا فەزای دامەزراند، بەڵام ئەمجارەیان بڕیار دراوە کە ئەم بەشە بەهێز بکرێت و لەمە بەدوا لە چوارچێوەی هێزی هەوایی سپادا کار بکات.

هەوانیروز بریتییە لە چەندین یەگانی پوشتە بە هێلی کۆپتێری لۆژستیکی – پشتیوانی – ئافەندی و هەنووکە لە ئێراندا تەنیا هێزەکانی ئەرتەش خاوەنی ئەم هێزەن کە وەک دیارە ئەرکی هەوانیروزی ئەرتەش بریتییە لە داکۆکی کردنی سنوورەکان لە کاتی شەڕ یان گواستنەوەی تایبەتی ئەرتەش لە نێوان پادگانەکاندا.

لە حاڵێکدا کە لە هەموو وڵاتێکی جیهاندا ئەرتەشی ئەو وڵاتە ئەرکی پاراستنی وڵاتی لە ئەستۆیە بەڵام لە ئێراندا ئەرتەش تووش پەراوێزکەوتوویی هاتووە و سپای پاسداران هاوشێوەی جومگە ئابووریی و سیاسییەکان، دەستی بەسەر هەموو کاروباری سەربازیشدا گرتووە و بەکردەوە ئەرتەشی کردووەتە ژێرکۆمەڵەیەک بۆ خۆی.