کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەندام پارڵمانێکی یەکیەتیی ئورووپا کۆبووەوە

17:37 - 30 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی کۆبوونەوەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بلژیک، هەیئەتی حیزبی دێموکرات، بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری، لەگەڵ ئەندام پەرلەمانێکی ئورووپا لەسەر ڕەوشی سیاسی و ئەمنیەتیی کوردستانی ڕۆژهەڵات کۆبوونەوە.

ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەورماس پایەت، ئەندام پەرلەمانی یەکیەتی ئەورووپا لە فراکسێۆنی لیبراڵەکان کۆبوونەوە.

پایەت پێشتر وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئێستونی بووە و هەنووکە ئەندامی کۆمیتەی سیاسەتی دەرەوە و کۆمیتەی ئەمنیەت و بەرگریی یەکیەتی ئورووپایە.

لەم کۆبوونەوەدا مستەفا هیجری باسێکی وردی لەسەر خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و هەروەها ڕوانگەی حیزب پێشکەش کرد و لەسەر هەلومەرجی سیاسی و ئەمنیەتیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوا.

لەم پێوەندییەدا هیجری گوتی: حیزبی دێموکرات ئەزموونی ٣٧ ساڵ خەباتی هەیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، گەلی کورد و حیزبی دێموکرات هەوڵیان داوە لە ڕێگای ئاشتیانەوە پرسی گەلی کورد چارەسەر بکەن، بەڵام بەداخەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامی هەموو هەوڵەکانی حیزبی دێموکرات و گەلی کوردی بە توند و تیژی و زەبر و زەنگ داوەتەوە.
هەر بۆیە حیزبی دێموکرات لەو باوەڕەدایە کە هەتا ئەو ڕێژیمە لەسەر کار بێت، لە وڵاتی ئێران نە پرۆسەیەک بەرەوە دێموکراسی دەست پێ دەکات و نە ئاشتی جێگیر دەبێت.

ئەم ڕاستیە تەنیا لە چوارچێوەی سنووری ئێراندا نیە، بەڵکوو بە هۆی دەستێوەردان و نانەوەی ئاژاوە و هەوڵی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بۆ وڵاتانی ناوچە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە، بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی دراوسێی ئێران ڕووبەڕووی هەمان دیاردەی نەبوونی دێموکراسی و ئاشتی بوونەتەوە. هەر بۆیە حیزبی دێموکرات لەو باوەڕەدایە کە پێویستە هەموو هەوڵێک بدات بۆ گۆڕینی ڕێژیم لە پێناو بە دیهێنانی ئازادی، دێموکراسی و عەداڵەت بۆ گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران.

پایەت نیگەرانی خۆی لەسەر نەبوونی زانیاری و ئاگایی پێویست لەسەر ڕەوشی نێوخۆی ئێران دەربڕی و هیوای خواست کە هەموو ئەندامانی پەرلەمانی یەکیەتیی ئەورووپا پێش ئەوەی هەڵوێستیان لەسەر ئێران هەبێ، بە وردی تاوتوێی ڕەوشی سیاسی، ئەمنیەتی و مافی مرۆڤ لە ئێرانیان کردبا.