کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات سەردانی پارتی دێموکراتی کوردستان - باکووری کرد

04:03 - 11 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات سەردانی پارتی دێموکراتی کوردستان ـ باکووری کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات مستەفا هیجری، سەردانی سکرتێر و هەیئەتی بەڕێوەبەری پارتی دێموکراتی کوردستان ـ باکووری کرد.

لەو سەردانەدا، هەیئەتی حیزبی دێموکرات لە لایەن سەرتاج بووجاک سکرتێری گشتی ئەو پارتە و هەیئەتی هاوڕێی پێشوازی لێکرا.

لەم دیدارەدا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات پیرۆزبایی کۆتایی هاتنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی پارتی دێموکراتی کوردستان ـ باکووری لە سکرتێری ئەو پارتە و هەیئەتی بەڕێوەبەرایەتی پارتەکەی کرد.

پاشان دوو لایەن مەسەلەی کوردیان لە هەموو بەشەکان تاوتووی کرد و هەماهەنگی و پێویستی هاوکاریی زیاتری هێزە کوردستانییەکان لە هەل‌ومەرجی ئێستادا بە گرینگ زانی و لە سەر بەرینترکردنی پێوەندییەکانی دوو لایەن جەختیان کردەوە.