کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرما و سۆڵە ٣٠ میلیارد تمەن زیانی بە باخدارانی مەریوانی گەیاند

16:36 - 25 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: سەرما و سۆڵە لە چەند رۆژی رابردوودا باخ و باخاتی شاری مەریوان تووشی زیانێکی چەند میلیاردی کرد و رێژیمی ئێرانیش هیچ چەشنە قەرەبوویەکی بۆ ئەو بەخدارانە لەبەر چاو نەگرتووە.
هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان بڵاویان کردەوە، دابەزینی پلەی گەرمیی کەش و هەوا و هاتنی سەرما و سۆلە لەم چەند رۆژەدا زیانێکی زۆری گەیاندووە باخەکانی شاری مەریوان و دەوروبەری و بەم هۆیەوە تێکڕای بەرهەم وەرزێڕییەکان لەناو چوون.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە رێژەی زیانەکان لە ١٠%ـەوە هەتا ١٠٠% بۆ دارەکانی وەکوو سێو، گوێز و بادام کەم و زیادە و هەروەها ١٢ هەزار و ١٨٠ تۆن بەرهەمی تەفروتوونا کردووە.
زۆربەی دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری مەریوان، بژیویی ژیانی خۆیان لە رێگەی وەرزێڕی و باخدارییەوە بە دەست دەهێنن.
لەلایەکی دیکەشەوە لە پارێزگای ئیلام هاتنی تەرزە و سەرما و سۆڵە خەسارێکی زۆری بە بەرهەمە وەرزێڕییەکانی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.