کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکەوتنی کچە کوردی ئیزەدی، نادیە موراد شانازییە

23:29 - 28 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە هەڵبژاردنی کچە کوردی ئیزەدی وەک باڵوێزی نیازپاکیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ڕاگەیەندراوێک‌دا ئەو شانازییە و سەرکەوتنە پیرۆزبایی دەکات.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ٢٦ی خەرمانان، بەرانبەر بە ١٦ی سێپتامبری ٢٠١٦ی زایینی، کچە ئیزەدیی ڕزگاربوو لە دەست دڕندەییەکانی داعشی وەکوو باڵوێزی ئەو ڕێکخراوە بەناوی باڵوێزی نیازپاکی دیاریکرد.

نادیە موراد یەکێک لەو هەزاران کچ و ژنانە لە کوردانی ئیزەدییە کە دوای هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال کەوتنە دەست ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە و وەکوو کۆیلە و کەنیزەک و دەسکەوتی شەڕە دژە مرۆییەکەیان کەڵکیان لێ وەرگرتن و ئەوەی هەڵسوکەوتی دژەمرۆیی و دڕندانە بوو بەنیسبەت ئەوانەوە ئەنجامیان دان.

نادیە موراد کچە کوردی ئیزەدی یەکێک لەو کەسانە بوو کە لەدەستی ئەو دڕندانە دەربازی بوو و دوای دەربازبوونی بووبە دەنگی ئەو ژن و کچە ستەملێکراوانە و نەیهێشت ویژدانی جیهانی بێدەنگ بێ بەرانبەر بە مافی پێشێلکراوی ئەو ژن و کچانە. لە ئاکامی ئەم تێکۆشانانەی نادیە موراددا، و بۆ نیشاندانی ڕێزی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە نادیە موراد و درککردن بە ئازار و مەینەتییەکانی ژنانی کورد و بەتایبەت ژنانی کوردی ئیزەدی، نادیە موراد وەکوو باڵوێزی نیازپاکیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کرا و هەروەها ناوبراو کاندیدی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتیشە.

لە کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە وێڕای پیرۆزبایی لە نادیە موراد بۆ ئەوەی وەکوو باڵوێزی گەورەترین ڕێکخراوی جیهانی و لە ڕاستیدا وەکوو باڵوێزی بەشی هەرەزۆر لە نەتەوەکانی جیهان دیاری کراوە، هیوای سەرکەوتنی هەرچی زیاتری بۆ دەخوازین و هەروەها هیوادارین کە خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلیش وەدەست بێنێ و هیوادارین کە لە هەوڵ و تێکۆشانەکانی بەردەوام بێ لە پێداگری لەسەر مافی ژنانی کوردی ئیزەدی و هەروەها هەموو ژنانی مافخوراوی کورد.

هیوادارین کە نادیە موراد هەروەک ڕووی داعشی لەجیهاندا ڕەش کرد، بە هەوڵ و تێکۆشان و پشتیوانیی هەموان و بەتایبەت ژنانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بتوانێ ڕووی دزێو و ڕاستەقینەی داعشی ویلایەتی فەقیهیش بۆ جیهان ڕیسواتر بکات.

دووبارە پیرۆزبایی لە هەموو ژنانی کورد وبەتایبەت ژنانی کوردی ئیزەدی و ژنە دلێری کوردی ئیزەدی نادیە موراد دەکەین بۆ ئەم پێگە و جێگە شیاو و جیهانیەی.

ئازادی و بەختەوەریی کۆمەڵگا، لە یەکسانیی ڕاستەقینەدایە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندن

٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٥
١٨ی سێپتامبری ٢٠١٦