کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماتیکەکان، شەڕ لە نێوخۆی سووریە بەردەوامە

16:17 - 30 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: وڵاتانی زلهێزی جیهان لە کاتێکدا هەوڵ بۆ داماڵینی چەکی کیمیایی رێژیمی سووریە دەدەن کە پرسی دانووستان لە نێوان ئوپۆزسیۆن و دەوڵەتی رێژیمی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە بنبەست.
قەدری جەمیل جێگری سەرۆک وەزیرانی سووریە رایگەیاندووە، شەڕی ناوخۆیی سووریە گەیشتووەتە بنبەست و هەنووکەش نە دژبەران و نە دەوڵەتی رێژیمی سووریەش تاوانایی سەرکەوتنیان لەو شەڕەدا نییە.
ناوبراو هەروەها وتی: تەنیا رێگا چارەی دەرباز بوون لە قەیرانی سووریە، پەژراندنی ئاگربەست و دەست پێ کردنی وتووێژە و بەم شێوەیە سووریە بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی لە قەیران رزگاری دەبێت.
پێشتر جان کێری وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر بەڕێوەچوونی رێککەوتنی نێوان رووسیە و ئەمریکا لەمەڕ لەناو بردنی گەردیلەخانەی کیمیایی سووریە پێداگریی کردووەتەوە و راشیگەیاندووە، ئەم بابەتە لە دانیشتنی هەفتەی داهاتووی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێ دەکرێت.
جان کێری وتی: ئەنجومەنی ئاسایش دەبێ خۆی بۆ ئەو پرسە ئامادە بکات و بە تێکڕای دەسەڵاتییەوە دەرەوەستیی خۆی، لە رزگاریی جیهان لە چەکی کیمیایی سووریە، بەجێ بگەیەنێت.
دوو رۆژ پێس ئێستاش پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سێهەمین جار کۆبوونەوە و هەتا لە پێوەندی لەگەڵ کونترۆڵی چەکی کیمیایی سووریە بگەنە رێککەوتن.
ئەمە لە کاتێک دایە کە هێزەکانی ئوپۆزسیۆنی سووریە دژایەتیی خۆیان بۆ دانووستان راگەیاندووە، و دەست لە کارکێشانەوەی \'\'بەشار ئەسەد\'\'یان بە پێش مەرجی هەرچەشنە دانووستانێک راگەیاندووە.
لە کاتێکدا کە وڵاتانی زلهێزی جیهان لە سەروبەندی رێککەوتنێک بۆ لەنێو بردنی چەکی کیمیایی سووریە دان، شەڕ لە نێوخۆی ئەو وڵاتەدا بەردەوامە.
لە شاری ئەریحە کە ناوچەیەکی ستراتیژیک لە نێوان شارەکانی ئەدلیب و حەلەب و لازئقییە دایە لە نێوان هێزەکانی رێژیمی سووریە و دژبەران تێکهەڵچوون رووی داوە و دژبەران رایانگەیاندووە، لەو ناوچەیەدا هێرشیان کردووەتە سەر چەندین بنکەی نیزامیی هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد.
لە دوو ساڵی رابردوودا سەد هەزار کەس لە شەڕی نێوخۆیی سووریە بووتە قوربانی و زۆربەیان ئاوارەی وڵاتانی دیکە بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ بوون.