کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەعید عابدینی لە زینداندا ئەشکەنجە کراوە

20:49 - 8 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: سەعید عابدینی، قەشەی ئێرانی - ئەمریکایی، کە ماوەی ٤ ساڵ لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی‏دا دەستبەسەر بووە، ڕایگەیاند کە لەو ماوەیەدا ئەشکەنجە کراوە.

ڕێکەوتی ٢٥ی ژانوییە، واتە ٩ رۆژ پاش ئازادکرانی سەعید عابدینی، ناوبراو بە کاناڵی تەلەفزیۆنیی فاکس نیوزی ڕاگەیاندووە کە؛ لە ئێراندا و لە کاتی دەستبەسەر بوونیدا ئەشکەنجە کراوە و ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی لە زیندانی ئێڤین‏دا، لە لایەن مەئموورەکانی لێپێچینەوەوە ئازار دراوە و تەنانەت لەگەڵ تیرۆریستێکی سەر بە ئەلقاعیدە ڕاگیراوە کە ئەم کەسە جارێک هەوڵی کوشتنی داوە. هەروەها باسی لە شین و گریانی کەسانێک لەو زیندانەدا کردووە کە ویستوویانە ئێعدامیان بکەن.
ئەم قەشە ئەمریکاییە هەروەها ڕایگەیاندووە کە؛ خراپترین بیرەوەریم لە زیندانەکانی ئێران ئەو کاتانەیە کە، کۆمەڵێک لە زیندانییەکانیان دەبرد بۆ سێدارە، کە زۆربەیان بە هۆی جیابیریی و پێڕەوی کردن لە ئایینێکی جیا لە ئایینی فەرمیی ئێران، ئەم حوکمەیان بۆ دەرچبوو.

سەعید عابدینی لە ساڵی ٢٠٠٠دا، ئایینی مەسیحییەتی هەڵبژارد و لە ساڵی ٢٠٠٨دا، وەک شارۆمەندی ئەمریکا وەرگیرا. ساڵێک دواتر لە ئێراندا دەستبەسەر کرا و پاش ماوەیەک ئازاد کرا. لە ساڵی ٢٠١٢دا، بۆ دواجار لە لایەن سپای پاسدارانەوە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ لاواز کردنی ئەمنییەتی نەتەوەیی لە ڕێگەی پڕوپاگەندە بۆ مەسیحییەت دەستبەسەر کرایەوە و لە کۆتاییشدا ١٦ی ژانوییەی ٢٠١٦، وێڕای ٣ زیندانیی دیکەی ئێرانی – ئەمریکایی، ئازاد کرا.