کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژیی نەتەویی عەرەبستانی سعوودی‌دا بەشداریی کرد

15:33 - 6 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستی محەممەدنەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانلە ڕۆژیی نەتەویی عەرەبستانی سعوودی‌دا بەشداریی کرد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆنسولخانەی وڵاتی عەرەبستانی سعوودیە لە هەرێمی کوردستان لە هۆتێل دیوانی شاری هەولێر ڕێوڕەسمێکی بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی ئەو وڵاتە، بە بەشداری مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک لە کۆنسول و دیپلۆماتکارانی عەرەبی و بیانی و کەسایەتییە سیاسی و ناسراوەکانی کورد و عەرەب پێکهێنا.

سەرەتا عەبدول مونعیم عبدالرحمن محمود کۆنسولی گشتی وڵاتی عەرەبستانی سعوودیە پەیامێکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد و وێڕای بەخێرهاتن‌کردنی بەشداران لەسەر پێوەندی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ گەلانی ناوچە و بە تایبەت خەبات دژی تێرۆریزم قسەی کرد.

ناوبراو ئاماژەی بە پێشکەوتنەکانی وڵاتی عەرەبستانی سعوودیە لە ساڵی ١٩٢٣وە تا ئێستا لە بواری پێشەسازی و بەرهەمهێنان کرد و ڕایگەیاند ئێمە هەوڵی بەردەوام دەدەین لەگەڵ دۆستەکانمان زیاتر خزمەت بە مرۆڤایەتی بکەین.

هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ناوبروا زۆر سپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمەکەیان کرد.

پاشان فەلاح مستەفا بەرپرسی نوسینگەی پێوەندیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی پێشکەش کرد و لەسەر شەڕ دژی تێرۆریزم و داعش جەختی کردەوە و داوای لە دۆستانی عەرەب و هاوپەیمانەکان کرد بۆ ئازادکردنی شاری موسل و پرۆسەی بونیادنانەوەی سیستمی حوکمڕانیی ئەو شارە هاوکاری و یارمەتی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو دەڤەرە بدەن بۆ ئەوەی ئەزموونی تاڵی ڕابردوو دووپات نەبێتەوە.

لەم ڕێوڕەسمەدا محەممەدنەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدار بوو و لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و سڵاو و ڕێزی مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە کۆنسولی گشتیی سعوودیە پێشکەش کرد و لەگەڵ چەندین کەس لە نوێنەرانی سیاسی وڵاتانی عەرەبی و بیانی چاوپێکەوتنی کرد.

هەروەها لەو دیدارانەدا عەلاقەیان بۆ پێوەندی سیاسی و دۆستانە لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕی.