کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لە کۆبوونەوەی HDPدا بەشداریی کرد

15:05 - 1 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ HDPدا لە سەر یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ماڵی کورد جەختیان کردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، بەشدارییان لە کۆبوونەوەی شاندێکی HDP بە سەرپەرەستیی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی HDP کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا وێڕای شاندی حیزبی دێموکرات، بەشێکی بەرچاو لە لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتی ئاکادیمی و ڕاگەیەنە گشتییەکانی کوردستان بەشدار بوون.

سەلاحەدین دەمیرتاش لە کۆبەندی قسەکانیدا جەختی لەسەر بەرپرسایەتی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ئاست چارەنووسی دۆزی ڕەوای کورد کرد کە ئێستا لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا لە پێشکەوتن و کڵپەدایە، هەر بۆیە پێویستە بە یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و هاوکاریی نێوانیان، هەوڵ بدرێت بە ڕێگای ئاشتیانە و چارەسەریی دێموکراسیانە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان ببەینە پێش و مافەکانی کورد وەدی بێنین.

ناوبراو ئاماژەی دا کە بە درێژایی مێژوو سەرەڕای زوڵم و دوژمنکاریی داگیرکەرانی کوردستان، بە داخەوە لایەنە خەباتکارەکانی کوردیش بە هۆی ناکۆکیی نێوانیان و پاوانخوازیی گرووپی و بیر کردنەوە لە بەرژەوەندیی تەسک لە جیاتی بەرژەوەندیی گشتی، بوونەتە هۆی بەئاکام نەگەیشتنی جووڵانەوەکە، هەر بۆیە لە هەلومەرجی هەستیاری ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئەگەر هەر هێزێک بە هۆی دووبەرەکی نانەوە و بەرژەوەندیی تەسکی خۆی ببێتە کۆسپی سەر ڕێی خەبات، پێویستە بەرانبەر بە نەوەکانی داهاتوو و مێژوو، وەڵامدەر بێت.

هەر وەها لە پێناو تێپەر بوون لەو قەیرانانەی ئێستای کوردستان، داوای پشتگیریی لایەنە سیاسییەکانی چوار بەشی کوردستان بۆ وەگەڕخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیە و هەروەها وەگەڕخستنی پارلمانی کوردستان و پشتگیری لە خەباتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کرد، تاکوو بتوانین بڕیار لە سەر ئیرادەی نەتەوەییمان بدەین، لەو پێوەندیەدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی میدیای کوردی و دەروەست‌بوونیان بۆ پێکهێنانی ژینگە و تەبایی لە جیاتی ڕەشکردنی یەکتر و ناهومێد کردنی خەڵک.