کوردستان میدیا

یەکشەممە 18ی جۆزەردان 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێكی حیزبی دێموكرات له‌ کۆنفرانسی PES له‌ بێرلین به‌شداریی كرد

10:42 - 16 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: شاندێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، له‌ كۆنفرانسی ساڵانه‌ی ڕێكخراوی ‌پارته‌ سۆسیال دێموكراته‌كانی ئورووپا (PES) کە لە بێرلین بەڕێوەچوو به‌شداریی كرد.

ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌، ١٤ی سەرماوەز، شاندێكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران به‌ سه‌رپه‌ر‌ستیی ''هیوا به‌هرامی''، به‌رپرسی په‌یوندییه‌كانی حیزبی دێموكرات له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌ كۆنفرانسی ساڵانه‌ی ڕێكخراوی ‌پارته‌ سۆسیال دێموكراته‌كانی ئورووپا (PES) به‌شداریی كرد.

له‌م كۆنفرانسه‌دا وێڕای پارته‌ سۆسیال دێموكراته‌كانی ئورووپا، كۆمه‌ڵێك پارتی سۆسیال دێموكرات و سۆسیالیستی وڵاتانی دیكه‌ی جیهان به‌شدار بوون.

‌ چه‌ندین سیاسه‌تمه‌داری به‌ناوبانگی ئورووپایی، له‌وانه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئا‌ڵمان و سه‌رۆكی فراكسیۆنی سوسیال دێموكراته‌كانی پارلمانی ئورووپا  له‌م كۆنفرانسه‌دا وتاریان پێشكەش كرد.

 له‌ به‌شێك له‌ وتاره‌كاندا تیشک خرایه‌ سه‌ر كێشه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌وانه‌ سووریە، عێراق، لوبنان و یه‌مه‌ن .

''هایكۆماس''، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئا‌ڵمان له‌ وتاره‌كەیدا باسی لەوە کرد كه‌ قه‌یرا‌نه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست ڕێگا‌چاره‌ی نیزامییان نیییه‌، به‌ڵكوو له‌ ڕێگای سیاسییه‌وه‌ ده‌كرێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن.

له‌ میانه‌ی ئه‌م كۆنفرانسه‌دا شاندی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران چاویان به‌ چه‌ند كه‌سایه‌تیی به‌شدار له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا كه‌وت و سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی كوردستان و ئێران بیروڕایان گۆڕیه‌وه‌.