کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتی ڕۆژانەی مامۆستایانی ئێران گەیشتووەتە کەمتر لە چوار دۆلار

08:48 - 17 خەزەڵوەر 2726

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە بەهای دلاریی مووچەی مانگانەی مامۆستایان لە ماوەی ۱۰ ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەیەکی بەردەوام دابەزیوە و لە ٦٣٦ دۆلار لە ساڵی ١٣٩٥دا، گەیشتووەتە نزیکەی ۱٠٩ دۆلار لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵدا؛ نیشانەیەکی ڕوون لە داڕمانی هێزی کڕینی ئەو توێژە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، داهاتی ڕۆژانەی مامۆستایان لە ئێراندا دەگاتە نزیکەی سێ دۆلار و ٦٠ سێنت. ئەم ژمارەیە لە کاتێکدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بەراورد دەکرێت کە داهاتی ڕۆژانەی مامۆستایان لە تورکیە نزیکەی ۵٠ دۆلار و لە عێراق لە نێوان هەشت تا ۱۵ دۆلاردایە.

هەروەها ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵبە‌خاڵ گەیشتووەتە ٨٨.٧ لەسەد کە گوشاری ئابووریی سەر مووچەخۆرانی توندتر کردووەتەوە.

سەرەڕای داواکارییەکانی مامۆستایان بۆ چاکسازیی مووچەکانیان بەپێی تێچووی ڕاستەقینەی ژیان، ناڕەزایەتییە پیشەییەکان بەردەوام لەلایەن دامودەزگاکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕووبەڕووی سەرکوت بوونەتەوە.

بەپێی ئامارە مافی مرۆڤییەکان، دەسبەسەرکردن، دەرکردن لە سەر کار و حوکمی بەندکران بەسەر دەیان چالاکی پیشەیی مامۆستایاندا سەپێندراوە و لانیکەم ٤٧ مامۆستا لە بەندیخانە یان دوورخرانەوەدا دەژین.