کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای لەسێدارەدانی سێ دەسبەسەرکراوی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە کەرەج جێبەجێ کرا

08:04 - 17 خەزەڵوەر 2726

دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی هەرکام لە حەسەن دیوبەند، حەمید کازمی و ڕەزا زەنگەنە، سێ لە تۆمەتبارانی دۆسییەی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ی لە کەرەج ڕاگەیاند.

هەواڵدەریی «میزان»، سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیم، ڕایگەیاند کە ئەم سێ کەسە بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کردەوەگەلێک لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و ئیسرائیل» و هەڵگرتنی چەک، دروستکردن و تەقاندنەوەی کەرەستەی ئاگرین، تێکدانی شوێنە گشتییەکان و بڕینی کارەبای هەندێک لە ناوچەکانی کەرەج، سزای لەسێدارەدان و دەسبەسەرداگرتنی مڵک و ماڵیان بەسەردا سەپابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی میزان، سزای لەسێدارەدانی ئەم سێ کەسە دوای پەسەندکردنی لە دادگای باڵای ڕێژیمدا جێبەجێ کرا و هەشت تۆمەتباری تری ئەم دۆسییەش سزای پێنج تا دە ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاوە.

بانگەشەکانی دەزگای دادوەریی ڕێژیم سەبارەت بە هاوکاریی ئەم کەسانە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا بە هیچ شێوەیەک نەسەلێمێندراوە و بەڵگەی پێویست لەوبارەوە نەخراوەتە ڕوو.

مای ساتۆ، ڕپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە ٧ی خەزەڵوەردا ڕایگەیاند کە لانیکەم ٣٤ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا لە سێدارە دراون کە لانیکەم پێنج حاڵەتیان لەوانە لە شوێنی گشتی و لەبەرچاوی خەڵکدا بووە.