بڕیاری لەسێدارەدانی محەممەدعارف شەبەخش، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٧ ساڵی بەلووچ، دوای تێپەڕاندنی زیاتر لە دوو ساڵ دەسبەسەرکردن و پڕۆسەی دادگاییکردنێکی ناڕوون، لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهێدان جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٦ی خەزەڵوەر، سزای لەسێدارەدانی محەممەدعارف شەبەخش (ناسراو بە عارف)، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی ئاوایی «قەلعەبید»ی سەر بە شارۆچکەی تەفتان، بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهێدان جێبەجێ کرا.
هەواڵدەریی میزان سەر بە دەزگای دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم بەندکراوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامەتی لە گرووپی جەیشولعەدل و هێرشی چەکدارانە بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیسی خاش دەسبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
حاڵوەش لەمبارەیەوە نووسیویەتی کە محەممەدعارف شەبەخش لە ڕێکەوتی ٨ی خەرمانانی ١٤٠٣ لە ڕێگەی ئێرانشار لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ زاهێدان گواسترابووەوە.
دەسبەسەرکردنی ناوبراو تەنیا ١٥ ڕۆژ دوای جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی حامید شەبەخشی تەمەن ٢٨ ساڵی برا گەورەی لە بەندیخانەی بەم ئەنجام دراوە.
ئەمە لەحالێکدایە کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی زیاتر لە ٨٠٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ، دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.