وتووێژ: بێهزاد قادری
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، خۆکوژی لەنێو هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هۆکاری جۆراوجۆر ڕووی لە زیادبوون کردووە. لەو پەیوەندییەدا و بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا"، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٢٨ ژنی کورد خۆیان کوشتووە کە ١٢ کەس لەو ژنانە ژیانی هاوبەشیان پێک هێناوە و ٢ کەسیان دەزگیراندار بوون.
لەم پەیوەندییەدا وتووێژێکمان لەگەڵ خاتوو "شنە دروودگەر"، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێک هێناوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:
١- بۆچی لە ماوەکانی ڕابردوودا بەگشتی ڕێژەی خۆکوژیی ژنان لە ئێراندا زیادی کردووە؟
دیاردەی خۆکوژی ڕەفتارێکە کە مرۆڤ بە مەبەستی خۆسڕینەوە لە گەردوون، بە شێوەیەکی ئاگاهانە ئەنجامی دەدات. تاک لە کاتێکدا ئەو بڕیارە (خۆسڕینەوە) دەدات کە لە ژیانی خۆی بێزار بێت و هەموو شتێک ڕەش ببینێت و لە داهاتووی خۆی بێهیوا بێت. لێرەدا پرسیارێک دەخولقێت، هۆکارەکان چین کە تاک هان دەدا بۆ ئەوەی هەوڵی خۆکوشتن بدات؟ پاڵنەر و هاندەر زۆرن لە کۆمەڵگادا. بۆ نموونە، دابونەریتی کۆنی کۆمەڵایەتی و کولتووری پیاوسالاریی زاڵ لە بنەماڵەکاندا و هاوکات نەبوونی یاسا و ڕێسایەکی سەردەمییانە لەلایەک، دۆخی ئاڵۆز و داتەپیوی ئابووریی کۆمەڵگا و بنەماڵە لەلایەکی دیکەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر سەرهەڵدان و پەرەسەندنی توندوتیژی دژی ژنان هەیە. دوای ئەوە توندوتیژیی فیزیکی و گوشاری دەروونی تەنگی بە ژن هەڵچنیوە، بۆ ڕزگاربوون لە دۆخی مەوجوود، پەنا بۆ کۆتاڕێگە، واتە خۆکوژی کە لە ڕاستیدا گەورەترین و دوایین هەڵەی ژیانیانە، دەبەن. بۆیە ڕێژەی خۆکوژی بەهۆی دۆخی شپرزەی ئێران ڕۆژبەڕۆژ ڕوو لە زیادبووندایە.
٢- ئەی هۆکاری ئەوە چییە کە خۆکوژیی ژنان لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەنیسبەت پارێزگاکانی تری ئێران زیاترە؟
بە شێوەیەکی گشتی هۆکار زۆرن، بەڵام بۆ باسکردن لە هۆکارەکانی خۆکوژی لە ڕۆژهەڵات، دەتوانم ئیشارە بەو چەند خاڵانە بکەم:
لاوازیی باری ئابووریی خەڵکی کوردستان و سیاسەتی هەڵاواردن و چەوسێنەرانەی ڕێژیم کە لە پارێزگاکانی کوردستان بەڕێوەی دەبات و هاوکات نەڕەخساندنی هەلی کار بۆ لاوان و ژنان (دروستکردنی کارگەی پیشەسازی و کەرتی کشتوکاڵ).
پیاوسالاری و دابونەریتی کۆمەڵگا لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تۆخی ماوە و هاوکات ئەگەرچی کەمڕەنگ بووە، بەڵام بافتی عەشایری و ژن بە کۆیلە زانین و بەزۆر بەشوودان و گەورە بە بچووک و... خاوەن ڕۆڵ و کاریگەرین لە پەرەسەندنی دیاردەی خۆکوژی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات.
نەبوونی ڕێکخراو یاخود ناوەندێکی داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان خۆی هۆکارێکی سەرەکییە. چونکە ئەگەر ناوەندێکی داکۆکیکار هەبێت و بتوانن لە کاتی کێشە و توندوتیژی بەرامبەریان، سەردانی بکەن و قسەی دڵی خۆیان بکەن، بێگومان باندۆڕی لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی خوکوژی دەبێت.
یاسایەک لە ڕاستای پاڵپشتی لە مافەکانی ژنان لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات بوونی نییە کە هیچ، بگرە ئەو یاسایانەی کە ڕێژیمی ئێران دایڕشتوون، هەمووی نەتەنیا دژی مافەکانی ژنانە، بەڵکوو زۆربەیان بوونەتە هۆکار بۆ دروستکردنی توندوتیژیی زیاتر بەرامبەر بە ژنان.
بۆ نموونە مادەی ٦۳۰ی سزای یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکات کە هەر کاتێک پیاوێک هاوسەرەکەی خۆی لەگەڵ پیاوێکی تر ببینێت، ڕێگەپێدراوە کە بەبێ هیچ شاهید و بەڵگەیەک کۆتایی بە ژیانی بێنێت.
٣- پێتان وایە کە ئەم ئامارانە لە داهاتوودا بەرزتریش دەبێتەوە یان نە؟
دیاردەی خۆکۆژی لە وڵاتی ئێراندا کاتێک کەم دەبێتەوە کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە یاساکاندا بێنە ئاراوە و کۆمەڵگاش لەو کۆمەڵگا سوننەتی و پیاوسالارییەیدا بێتە دەرەوە و بەرەو کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن و سەردەمیانە هەنگاو هەڵبگرێت تاکوو مافەکانی ژنانی تێیدا دەستەبەر بێت. ئەگەرنا بەپێچەوانەوە نەتەنیا خۆکوژی کەم نابێتەوە، بگرە زیاتریش پەرە دەستێنێت.
٤- هەندێک حاڵەتی وا هەیە کە کچانی دەزگیراندار خۆیان دەکوژن، هۆکاری ئەوە چییە و بۆ پێشگرتن بەو خۆکوژییانە دەبێ چی بکرێت؟
هەروەکوو باسم کرد بوونی هەندێک دابونەریتی کۆن کە ئێستاش لە کۆمەڵگای کوردەواریدا زاڵە، وا دەکات کە ئەو کچانەی کە لە قۆناغی دەزگیرانداریدان پەنا ببەنە بەر خۆکوژی. بۆ نموونە بەزۆر بەشوودانی کچان لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە بە کەسێک کە بە دڵی نییە، جا بە هۆکاری دەوڵەمەندی یان خزمایەتی یان خوێنبایی یان جیاوازیی زۆری تەمەنی نێوانیان، هۆکارن بۆ هاندانیان بەرەو بڕیاری خۆسڕینەوە و خۆکوژی، هەر بۆیە زۆر گرینگە بۆ چوونە نێو پرۆسەی هاوسەرگیری و ژیانی هاوبەش، هەردوو ڕەگەز ڕەزامەندیی خۆیان لەسەر بێت و بنەماڵەکانیان ڕێز لە بڕیارەکەیان بگرن.
٥- بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوژییەکان، لەسەر بنەماڵەکان چ کاریگەرییەکی دەروونیی لێدەکەوێتەوە؟
خۆکوژی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بنەماڵە و کار دەکاتە سەر چالاکییەکان و جموجۆڵەکانی نێو ئەندامانی خێزان. بۆ نموونە هەندێک جار کێشە و ناکۆکی دەکەوێتە نێوان بنەماڵەیەک، بەجۆرێک کە هەریەک لە ئەندامانی بنەماڵە یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە شتێک و پاشان هەست بە پەشیمانی و گوناح دەکەن و دواتر بەردەوام دەگەڕێن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە کە "بۆچی ڕووی دا؟". یان ئەوەی کە دەبێتە هۆی دروستبوونی خەمۆکییەکی زۆر لەنێو باقیی ئەندامانی خێزانەکە و ئەمەش بۆ خۆی جێگای مەترسییە بۆ دووبارەبوونەوەی ئەو ڕەفتارانە.
٦- بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوژییەکان، چ کاریگەرییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەسەر کۆمەڵگا دادەنێت؟
خۆکوژی نەتەنیا زیانی بۆ خێزانی خۆکوژەکە هەیە، بەڵکوو زیانی گەورە بەر کۆمەڵگا دەکەوێت. هەتا ڕێژەی خۆکوژی لەنێو کۆمەڵگادا بەرز بێت، ئەو کۆمەڵگایە کۆمەڵگایەکی خەمۆک و پڕ لە دڵەڕاوکێ دەبێت. بەجۆرێک بێهیوایی و خەفەت باڵ بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگادا دەکێشێت و بەرەو لاوازیی ڕۆحی و ڕەوانیی دەبات. هاوکات ئەو کۆمەڵگایانەی ڕێژەی خۆکوژییان لە سەرەوە بێت، لە ڕوانگەی جیهان و تاکی پێشکەوتووەوە کۆمەڵگای ناتەندروست و دواکەوتوو ئەژمار دەکرێن.
٧- بۆ کەمکردنەوەی خۆکوژیی ژنان، دەبێ چ ڕێکارگەلێک بەکار ببرێت؟
سەرەتا پێویستە ژنان خۆیان و گیانی خۆیان خۆش بوێت. چونکە بەو کردارەیان (خۆکوژی) تەنیا زیان بە خۆیان ناگەیەنن، بەڵکوو دوای ئەوان کاریگەریی زۆر نێگەتیڤ لەسەر خێزان و کۆمەڵگادا دەسەپێنن. بۆیە دەبێ ژنان هۆشیار بکرێنەوە لەسەر ئەو دیاردەیە و لێکەوتە و زیانەکانی خۆکوژییان بۆ شی بکرێتەوە. کار بکرێت بۆ نەهێشتن یاخود کەمکردنەوەی توندوتیژیی نێو خێزان. ئەویش بە دروستکردنی ڕێکخراوی تایبەت بە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان. بۆ ئەوەی لە کاتی پێویست ژنان پەنای بۆ ببەن و هاوکات ڕێنوێنیکردنی ئەو کەسانەی کە باری دەروونییان جێگیر نییە و لە سەرووی هەموویان، پێشگیری و پاڵپشتیی خێزانییە لە ژن لەهەر هەلومەرجێکدا کە پێویستییان پێی بێت.