"ڤۆڵکێر تورک"، کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نوێترین پەیامیدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە سەرکوتی ناڕازییان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەربڕی.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە دەسەڵاتدارانی ئێران بە بیانووی "ئەمنییەتی میللی" خەریکی سەرکوتێکی بێبەزەییانەی خەڵکن و مافە سەرەتایییەکانی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی "دڕندانە" پێشێل دەکرێت.
کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤ جەختی کردەوە کە لە کاتی شەڕدا، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ناوبراو داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد کە دەستبەجێ پرۆسەی لەسێدارەدانەکان ڕابگرن و ئەو کەسانەی کە بە شێوەی ناڕەوا دەسبەسەر کراون، ئازاد بکەن. هەروەها داوای کرد کە دادگاییکردنی دادپەروەرانە بۆ هەموو زیندانییان دابین بکرێت.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لەم دواییانەدا لانیکەم ٢١ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون و هەزاران کەسی دیکەش دەسبەسەر کراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە دوای دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە دوو مانگی ڕابردوودا، ڕێژەی سێدارەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە؛ بە جۆرێک کە ٩ کەس پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری پار، ١٠ کەس بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزب و ڕێکخراوە نەیارەکان و ٢ کەسیش بە تۆمەتی سیخوڕی لە سێدارە دراون.