کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلومبێرگ: سپا دەستی بەسەر ژیانی مەدەنیی خەڵکدا گرتووە

16:29 - 10 بانەمەڕ 2726

کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکان، گەمارۆیەکی توندی ئینتێرنێتیی بەسەر هاووڵاتییاندا سەپاندووە و ئەم هەنگاوە وەک ئامرازێک بۆ چڕکردنەوەی چاوەدێرییە ئەمنییەتییەکان و کۆنترۆڵکردنی تەواوی ژیانی مەدەنی لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە لەقەڵەم دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "بلومبێرگ"، پچڕانی بەردەوامی هێڵەکانی ئینتێرنێت و سنووردارکردنی چڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تەنیا بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی زانیارییە سەربازییەکان نییە، بەڵکوو ئامانج لێی پەکخستنی هەر چەشنە هەماهەنگییەکی مەدەنی و ناڕەزایەتییەکی ناوخۆییە.

بلومبێرگ جەخت دەکاتەوە کە ئەم "تاریکستانە دیجیتاڵییە" بووەتە هۆی ئەوەی کە دامەزراوە سەربازییەکان بە شێوەیەکی بێ‌وێنە دەستێوەردان لە کاروباری ڕۆژانە، بازرگانی و پەیوەندییە تایبەتەکانی خەڵکدا بکەن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم دۆخە زیانی گەورەی بە کەرتی تایبەت و بازرگانیی ئانلاین گەیاندووە و ئێرانی لە جیهانی دەرەوە دابڕیوە.

شارەزایان هۆشداری دەدەن کە چڕبوونەوەی دەسەڵاتی سەربازی بەسەر ژێرخانە تێکنۆلۆژییەکاندا، نیشانەی قووڵتربوونەوەی قەیرانی ڕەوایی و ترس لە هەر چەشنە ڕاپەڕینێکی جەماوەرییە لەم بارودۆخە هەستیارەدا.