کوردستان میدیا

پێنجشەممه 6ی سەرماوەز 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شوعەیب دانش پەژوو: لە ڕوانگەی دەسەڵاتی داگیرکەرەوە، فۆرمی جووڵە و خەباتی مەدەنیی کورد هیچ جیاوازییەکی پێکەوە نییە و سەرجەمیان لە ڕوانگەی ئەوانەوە هەڵگری یەک ناوەڕۆک واتە ڕزگاریخوازیی کوردە

12:18 - 26 گەلاوێژ 2720

وتووێژ: بێهزاد قادری

چالاکی مەدەنی کێیە و چالاکیی مەدەنی چ کارگەلێک لەخۆ دەگرێت؟ چالاکی مەدەنیی کورد چ ئەرکگەلێکی لە ئەستۆیە و چ کۆسپگەلێکی لە ڕێگادایە؟ خەباتکارانی مەدەنیی کورد چییان کردووە و چی ماوە بیکەن و دەبێ لە بیری چی دیکەدا بن؟ ئەمانە و چەند پرسیاری دیکە لە وتووێژ لەگەڵ کاک "شوعەیب دانش پەژوو" چالاکی سیاسیی کورد لە دەرەوەی وڵات:

١- بەگشتی و بە شێوەیەکی کورت و پوخت و لە واتا گشتییەکەیدا، چالاکی مەدەنی بە چ کەسێک دەوترێت و چالاکیی مەدەنی چ چالاکیگەلێک لەخۆ دەگرێت؟

چالاکیی مەدەنی ڕەوتێکی پاشهاتی پێکهاتنی دەسەڵاتی [دێموکراتیکی] حکومەتییە کە دەیەوێت کەلێنی نێوان پانتایی دەستڕۆیشتوویی دەسەڵات و کۆمەڵگا بە پێی هەڵسەنگاندن، تەکوزمەندکردن، پەروەردە و ڕاهێنانی توانستگەلی شارۆمەندان لە بەستێنە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا و هەروەها دەرفەتە یاساییەکانی دەسەڵات، پڕ بکاتەوە و بەچەشنی پردێکی پێوەندی هەوڵ بۆ هاوتەریبکردنی هەردوو لایەنی هاوکێشەکە دەدات بەبێ ئەوەی ئامانج لەو هەوڵە هەڵوەشاندنەوەی کۆی دەسەڵات بێت، بەڵکوو هاوسەنگکردن و ڕیفۆرمی نەرمی یاسایی لەچوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی دەسەڵاتدا پەیڕەو دەکرێت.

ئەو تاک/شارۆمەندانەی کە بەشێوەی خۆبەخش لەم ڕاستەیەدا هەوڵ دەدەن، چالاکی مەدەنی ناودێر دەکرێن.

٢- لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دۆخی چالاکییە مەدەنییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا چۆن بووە؟ واتە چالاکانی مەدەنی توانیویانە بناغەیەکی باش و پتەو بۆ چالاکیی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات بونیاد بنێن؟

بەکارهێنانی چەمکی چالاکیی مەدەنی بۆ دۆخی نەتەوەی داگیرکراوی کورد یەکێک لەو ڕەخنە بنەڕەتیانەیە کە لە چەند نووسراوەی جیاوازدا تەرکیزم لەسەر کردووە. بەپێی پرسپێکتیڤێکی فۆرماڵ، کوردستان لەلایەن دەوڵەتگەلی ناکوردەوە داگیر کراوە، هاوکات ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە نە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و نە بەڕێوەبەرایەتییەکەی دێموکراتیک نییە، دەرهاویشتەی لۆژیکیی ئەو دوو پێشگریمانەیە دەسەلمێنێت تاکی کورد شارۆمەند نییە (تەنانەت بەکارهێنانی چەمکی شارۆمەندی پلەخوار هەڵەیەکی تیۆریکە)، کەوایە لەوەها بەستێنێکدا جووڵانەوەی کۆمەڵایەتیی کورد دەچێتە نێو چوارچێوەی چەمکی "خەباتی مەدەنی" نە چالاکیی مەدەنی (وشەی مەدەنی لەم چەمکەدا تەنها بەواتای ناتوندوتیژبوون دێت).

زیاتر لە سێ دەیە مێژووی خەباتی دامەزراوە و بنکە مەدەنییەکان لە قاڵبی ناوەندگەلی فەرهەنگی، ئەدەبی، هونەری، زانستی، ژینگەڤانی و... توانیویەتی ڕاستەوخۆ لەسەر چۆنیەتیی پەروەردە و گەشەپێدانی بەهرەی تاکی رد، هەروەها ڕاهێنان و ڕێکخستنی کۆمەڵگادا کاریگەریی ئەرێنی و بەرچاوی هەبێت. بەجۆرێک کە ناوەند و بنکەکان لەهەریەک لەو پلاتفۆرمە جیاوازانە و لە دەیان دۆخی هەستیاردا زۆرینەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیان بەرەو یەکهەڵوێستی و ئەکتی هاوبەش ڕێبەری کردووە.

بەردەوامبوون و گەشەکردنی هەمیشەیی ڕێژەی ناوەندەکان و خەباتکارانی مەدەنی بەبێ ئەوەی چاو لە کەموکوڕییەکان داپۆشین، سەلمێنەری سەرکەوتووبوونی ئەم ڕەوتە و بناغەداربوونی ئەم مۆدێل جووڵانەوەیەیە.

٣- چالاکانی مەدەنی لە کوردستان (ڕۆژهەڵات)، ئەو کاریگەرییانەی کە دەبا هەیانبووایەت، هەیانبووە؟ ئەگەر "نا" هۆکارەکەی چییە و ئەگەر "ئەرێ"، نموونەیەکی هەرەبەرچاوی چی بووە؟

هیچ گومانێکم لە سەرکەوتوویی و کاریگەریی ئەرێنیی خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵات نییە، دەیان نموونەی وەکوو پۆلە فێرکارییەکانی زمانی کوردی، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پرسگەلی ژینگە بەتایبەت ئاگرتێبەردانەکانی کوردستان و... نیشاندەری ئەو ئیدعایەیە، بەڵام هیچ گومانێکیش لەوەدا نییە کە کۆمەڵگای کوردستان نەیتوانیوە هەموو توانستەکانی بەکار بێنێت. بنەمای ئەندێشە و ویستی سەرەکیی نێوان دوو لایەنی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و دەسەڵاتی داگیرکەر دوانەیەکی لێکدژ و ناتەبا و نەگونجاون، بۆیە ڕوونە کە دەسەڵاتی زاڵ نە دەیهەوێت و نە دەهێڵێت ئەو توانستەی کۆمەڵگای کوردستان لە ئاستی شیاودا دەرکەوێت.

٤- بە ڕای ئێوە، چالاکانی مەدەنیی کوردستان ئەرکێکی جیاوازتر و تایبەتتریان - بە نیسبەت وڵاتانی دیکە – لە ئەستۆیە؟ ئەگەر وایە، ئەو ئەرکە جیاوازانە چییە و هۆکاری ئەو ئەرکە تایبەتانە چییە؟

مێژوو پێوەندیی کوردستان لەگەڵ دراوسێ/دوژمنەکانیەوە دەرخەری ئەوەیە کە کوردستان و دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بەنیسبەت فۆرمەوە لە دوو سۆنگەی هاودژ ڕاوەستاون، و هەروەها خاوەنی دوو ناوەڕۆکی ڕزگاریخوازی و داگیرکەرین. ئەم پێشگریمانەیە ئەو بەرچاوڕوونییەمان پێدەدات کە بەبێ ئەوەی گیرۆدەی گێژاوی چەمکە مۆدێڕنە بەرهەمهاتووەکانی دەسەڵاتە سەرەڕۆکان بین، بتوانین بنەمای ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان نەتەوەی کورد و داگیرکەر ببینینەوە. بەم پێیە پاڵنەر و ویستی تاکی کورد لە هەر فۆرماسیۆنێکی خەباتدا وەکوو پێشمەرگە یان خەباتکاری مەدەنیدا بێت، لە بنەڕەتدا ویستی ڕزگاریخوازییە. کەوایە چییەتیی خەباتکاری مەدەنیی کورد لەگەڵ چالاکی مەدەنیی وڵاتانی داگیرنەکراوی دیکەدا بەتەواوەتی جیاوازن و ئەرکی جیاوازیش لەئەستۆیان دەبێت. گرینگترین و لە هەمان کاتدا دژوارترین ئەرکی خەباتکاری مەدەنیی کورد بریتییە لە هاوسەنگڕاگرتن و هاوتەریبکردنی ویستی ڕزگاریخوازی لەگەڵ پرسە گرینگەکانی دیکە وەکوو فەرهەنگ، هونەر، مێژوو، ژینگە و...

جێبەجێکردنی ئەم پێوەرە پێویستی بە وشیارییەکی زێدە و خوێندنەوەیەکی ورد هەیە تاکوو خەباتکاری مەدەنیی کوردستان بتوانێت ئەرکەکانی بەرەو دەستخستنی زۆرترین قازانجی مومکین ڕێنوێنی بکات.

٥- چالاکانی مەدەنی دەتوانن چ کارگەلێکی گەورە بکەن و چ کاریگەریگەلێکی گەورە دابنێن؟

بە سانایی دەتوانین دەیان نموونە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە بهێنینەوە و نیشان بدەین خەباتکارانی مەدەنی چەندە کاری گەورە و پڕبایەخیان کردووە و دەتوانن لە داهاتوودا چی بکەن وەکوو ڕێکخستنی کۆمەڵگا بۆ بەهاناوەچوونی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان و ئیلام، بەرەنگاربوونەوەی بەردەوام لەگەڵ ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کۆردستان، ڕێکخستنی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە لەسێدارەدان و حوکمی زیندانیانی سیاسی و نوێترین نموونە بەرگری کردن لە زارای نیشتمان و...، بەڵام بەو پێیەی کە من لە سۆنگەی داگیرکراویی کوردستانەوە ڕۆدەچمە نێو پرسگەلی پێوەندیدار بە نەتەوەی کوردەوە، مەزنترین و بایەخدارترین کاریگەریی خەباتکاری مەدەنیی کوردستان، پەروەردەکردنی تاکی وشیاری کورد بۆ هەرچی زۆرتر بەرەوپێشبردنی ئەندێشەی ڕزگاریخوازی و ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگییەیە کە لەوەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەم پێکرد.

٦- ڕوانگەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەکوو وڵاتێکی نادێموکراتیک و کۆلۆنیاڵیست بەنیسبەت چالاکیی مەدەنی و چالاکانی مەدەنی لە کوردستان چۆنە؟ بەگشتی هۆکاریی سەرەکیی گوشارەکان و دروستکردنی سێناریۆکان دژ بە چالاکان، چین؟

بەپێچەوانەی ئەوەی کە تاکی کورد چەند ڕوانگەی جیاوازی بەنیسبەت داگیرکەر هەیە، خودی داگیرکەر بەڵام بەنیسبەت کوردەوە یەک ڕوانگەی گشتی و نەگۆڕی هەیە، ئەم تایبەتمەندییە دەبێتە هۆی ئەوەی هەرچەشنە ڕێکخستن، پەروەردە، ڕاهێنان، ئاگادارکردنەوە و جووڵانەوەیەک [تەنانەت گەر سیاسی - ئەمنییەتیش نەبێت] لەلایەن خەباتکارانی مەدەنیی کوردەوە وەکوو گەورەترین مەترسی بۆ سەر گشتییەت و کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی خۆی ببینێت. بۆیە بەبێ هیچ دوودڵییەک لە ڕێگەی جۆراوجۆر و بە کەرستەی جیاوازەوە هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ پێشگرتن و خنکاندنی ئەو خەباتە دەدات و لەم پێناوەیشدا هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی ناپارێزێت.

لە ڕوانگەی دەسەڵاتی داگیرکەرەوە، فۆرمی جووڵە و خەباتی مەدەنیی کورد چ لە قاڵبی ژینگەدۆستی و چ مۆسیقا و چ فەرهەنگی و زمانی بێت، هیچ جیاوازییەکی نییە و سەرجەم ئەو فۆرمگەلە لە ڕوانگەی ئەوانەوە هەڵگری یەک ناوەڕۆک واتە ڕزگاریخوازیی کوردە.

٧- چالاکانی مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات و چالاکییەکانیان، ئایا کاریگەرییان هەبووە لەسەر چالاکانی مەدەنی و چالاکییەکانیان لە باقیی پارچەکانی تری کوردستان؟ یان بەپێچەوانەی ئەوە بووە و باقیی پارچەکانی کوردستان لەو بوارەوە کاریگەرییان هەبووە لەسەر ڕۆژهەڵات؟

کە کوردستان وڵاتێکی داگیرکراو و دابەشکراو بێت، ئاساییە بەشەکان بەپێی ئاستی پێوەندیی نێوانیان کاریگەرییان لەسەر یەکدی بووە و دەبێت. بەتایبەت لەپاش هاتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەنتێرنێت توانیویەتی ڕووبەرێکی بەڕۆژ و بەربڵاو لە پێوەندیی نێوان بەشە داگیرکراوەکاندا پێک بێنێت. خەباتی مەدەنیی کوردیش بێگومان یەکێک لەو ڕەهەندە بەربڵاوە خەباتکارانەیە کە لەو پێوەندییەدا بێبەش نەبووە و هاوئاهەنگی زیاتری درووست کردووە. بەڵام بۆ وەڵامدانەوەی ئەو بەشە لەو پرسیارە کە کامە لایەن توانیویەتی کاریگەریی زیاتر لەسەر لایەنەکانی دیکە دابنێت پێویستی بە داتایەکی بەراوردکارانەیە کە من ئەو داتایەم لەبەردەست نییە.

٨- لە ئێستادا و لەمبارەوە، چالاکی مەدەنیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی داگیرکراودا دەبێ چی بکات، دەبێ چۆن بجووڵێتەوە و دەبێ چالاکییەکانی تووشی چ گۆڕانکاریگەلێکی بکات؟

دوو خاڵ لەم ڕاستەیەدا زۆر گرینگ دێتە بەرچاو. یەکەم؛ دەسەڵاتی داگیرکەر دەیەوێت بە هەموو توانایەوە خۆی وەکوو نەتەوەی سەرتر، زمانی سەرتر، مێژووی سەرتر و... نیشان بدات و ئەم وێژمانە لە ڕێگای میدیا[بە واتا گشتییەکەی]وە بگوازرێتەوە بۆ نێو زەینی تاک بە تاکی سنووری ژێر دەسەڵاتی خۆی و لەم ڕێگەیەوە هێژمونی خۆی تاهەتایی بکات. پێچەوانە کردنەوەی ئەم وێژمانە و لێکهەڵوەشاندنەوەی ئەم هێژمونییەی دەسەڵاتی داگیرکەر بەدەستی خەباتکارانی وریای کوردەوە و لە ڕێگەی خەباتی ئاگاهیبەخشی و ڕزگاریخوازانەوە دەبێت وەکوو پێوەرێکی نەگۆڕ و بەردەوام ڕەچاو بکرێت.

دووەم؛ ڕەواندنەوەی ترس و دڵەڕاوکێی تاکی کورد بەنیسبەت دەسەڵاتی خەیاڵی و درۆیینەی داگیرکەر، و هاوکات ورەبەخشین و پەرەپێدان بە ڕۆحی هاوکاری و هاوخەباتی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، فاکتەرێکی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ پێشخستنی هەرچی زیاتری کۆمەڵگا و دەستخستنی قازانجی گشتیی زیاتری کوردستان.

ڕەچاوکردنی هاوکاتی ئەم دوو نوکتەیە لە بەستێنی خەباتی مەدەنیدا وەکوو گرینگترین ستراتێژیی ئێستای پانتایی خەباتی مەدەنیی ڕۆژهەڵات ئەژمار دەکەم.