کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکانی بۆڕی ئاوی ژمارەیەک لە گەڕەکەکانی مەهاباد، خەڵکی تووشی بێ ئاوی کردووە

15:53 - 23 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: ئاوی خواردنەوەی بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری مەهاباد بەهۆی شکانی بۆڕی سیستمی گەیاندنی ئاو پچڕا و هەنووکە زۆربەی ئەو گەڕەکانە ئاویان نییە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا؛ لە رێکەوتی ١٧ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە ئاوی زۆربەی گەڕەکەکانی شاری مەهاباد پچڕاوە.
دەوترێ ماوەیە پێش بۆڕی ئاوی دەوروبەری فەرمانداری ئەو شارە شکاوە و ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە ئاوی گەڕەکەکانی بەری شیلانان، بەری قووتابخانە، باغی شایەگان، مەیدانی حەیوانان و زەمینەکانی شارەداریی ئەو شارە\'\' بپچڕێت.
پاش تێپەڕبوونی چەند رۆژ بەسەر شکانی بۆڕی و پچڕانی ئاوی ئەو گەڕەکانە، بەرپرسانی رێژیم هیچ هەوڵێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نەداوە و دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە بۆ دابینکردنی ئاوی پێویستیان، روویان لە کانییەکان و ناوچەکانی دەوروبەر کردووە.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئاوی پێویستی دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە هەوڵ دراوە بە تانكێرە ئاوهەڵگرەکان دابین بکرێ، بەڵام ئەوە کێشەی کەمی و نەبوونی ئاوی لەو شارەدا چارەسەر نەکردووە.