کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆرای نیزامیی حیزبی دێموكرات، هەوالێكی بڵاو كردەوە

16:35 - 3 رەزبەر 2716

كوردستان میدیا: شۆرای نیزامی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ شەڕ و تێكهەڵچوونی پێشمەرگەكانی حیزب لەگەڵ هێزە دژی گەلییەكانی ڕێژیمی داگیركەری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی پیرانشار، هەوالێكی بڵاو كردەوە.

لەو هەوالەدا كە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە، هاتووە كە:

لە درێژەی گەڕانی سیاسی ـ تەشكیلاتیی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە ناوچەی مووكریان، سەعات ٨ی ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی (١٨ی سێپتامبری ٢٠١٦) هێزێكی پێشمەرگەی حیزب لە ناوچەی پیرانشار لە نێوان ئاواییەكانی قەبری حسێن و پردانان لەگەڵ هێزە بەكرێگیراوەكانی رێژیم تووشی تێكهەڵچوون بوون. لە ئاكامی ئەو تێكهەڵچوونەدا ژمارەیەك لە هێزەكانی رێژیم كوژران و بریندار بوون و پێشمەرگەیەكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانیش بە ناوی ڕەحیم عەبدوڵڵانژاد كوڕی ئەبوبەكر ناسراو بە ڕەحیم گەرگولی بریندار بوو كە بەداخەوە بە هۆی كاریبوونی برینەكەیەوە پاش چەند ڕۆژ شەهید بوو و لە لایەن هاوسەنگەرانیەوە بە خاكی پیرۆزی كوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی شەهید ڕەحیم و هاوسەنگەرانی و خەڵكی ناوچەكە بە گشتی دەكات و هیوای بەردەوامیی تێكۆشان و پڕ ڕێبوار بوونی ڕێبازەكەی دەخوازێت.