کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شۆفیرتاکسییەکان سنە مانیان گرت

16:16 - 1 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: شۆفیر تاکسییەکانی شاری سنە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر کەمبوونی کرێ تاکسی و دابەزینی ئاستی داهاتیان مانیان گرت.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، شۆفیر تاکسییەکانی شاری سنە داواکارییەکیان لەبارەی هەڵکشانی لەسەدا ٣٥ی نرخی کرێ تاکسیی ئەو شارە بۆ سەندیکای تاکسیڕانان بەرز کردبووەوە و پاش ناردنی ئەو داواکارییە لەلایەن سەندیکاوە بۆ فەرمانداریی ئەو شارە، بە شێوەیەکی نافەرمی زیادبوونی نرخی کرێ تاکسی راگەیەنرا.

بەپێی ئەم راپۆرتە، رانەگەیاندنی نرخی کرێ تاکسی بە شێوەیەکی فەرمی، گرفتی بۆ هاووڵاتییان و شۆفیرەکان دروست کردووە و ئەمەش ناڕەزایەتیی شۆفیر تاکسییەکانی لێ کەوتووەتەوە.

لەم پێوەندییەدا رێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، شۆفیر تاکسییەکانی حەسەن ئاوا ــ سنه، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لەهەمبەر ناسەقامگیریی تەعرەفە و نرخی کرێ تاکسی لە شاری سنە بەڕێوەبردبوو.

چەند خولەک پاش ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە، یەکێک لە بەرپرسانی رێژیم هەڕەشەی لە شۆفیرە ناڕەزاییەکان کردبوو کە بەڵگە و مۆڵەتەکانیان لە ئەگەری درێژەدان بە نارەزایەتی، زەوت دەکرێن.