کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیرکەتێکی هوڵەندی بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ئێران، جەریمە کرا

22:19 - 17 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: شیرکەتی فڕۆکەوانی فۆکێری هوڵەند بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان کە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا دژی رێژیمی ئێران پەسند کراون، بە بڕی ٢١ میلیۆن دۆلار مەحکووم کرا.
بەپێی راپۆرتی رادیۆ ئاڵمان، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٥ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی لە راگەیەنراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، شیرکەتی فڕۆکەوانیی فۆکێری هۆلەند بە هۆی پێشێلکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی کە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا لە دژی رێژیمی ئێران و وڵاتی سوودان پەسند کراون، بەهۆی فرۆشتنی کەلوپەلی فڕۆکە بەو دوو وڵاتە، بە بڕی ٢١ میلیۆن دۆلار پارەی نەختی مەحکووم کران.

لەو راگەیەنراوەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکادا هاتووە کە ئەو شیرکەتە فڕۆکەوانییەی هوڵەند بەرپرسیارەتی دانی بە تاوانەکەیدا داناوە.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، شیرکەتی فۆکێری هوڵەند لە ساڵەکانی ٢٠٠٥ هەتا ٢٠١٠ زایینی چەندین جارێک کەلوپەلی فڕۆکەوانیی دروستکراوی ئەمریکایی بە رێژیمی ئێران و وڵاتی سوودان فرۆشتووە کە بەگشتی سەرجەم ١ هەزار و ١٥٠ حاڵەت گامارۆ ئابوورییەکانی پێشێل کردووە.

هەتا ئێستا چەندین شیرکەت و بانکی ئورووپایی بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆ ئابوورییەکان تۆمەتبار کراون و بە چەندین میلیۆن دۆڵار پارەی نەختی سزا دراون.