کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیعەكانی عێراق لە ئەمریكا چەك وەردەگرن و لە ئێران بڕیار

15:15 - 26 رێبەندان 2715

كوردستان میدیا: ئەمریكا بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ داعش، چەكوچۆڵی پێشكەوتوو دەداتە میلیشیا شیعەكانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا، بەڵام دەوترێت ئەم چەكانە لە شەڕی سووریەدا دژ بە ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی بەشار ئەسەد كەڵكیان لێ وەردەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێكی واشینگتۆن پۆست، بەشار سەعیدی، وتەبێژی یەكێك لەو گرووپانە بە ناوی حزب‌الله النجبا گوتوویە: ئێمە هەموومان شوێنكەتووی خامنەیین و بۆ بەرگریكردن لە شیعەكان و شوێنە پیرۆزەكانمان، بۆ هەموو شوێنێك دەڕۆین. ناوبراو هەروەها لە قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای تیرۆریستیی قودسی ڕێژیمی ئێران دەگێڕێتەوە كە: ڕێگای ئازادكرنی مووسڵ لە حەلەب تێپەڕ دەبێت.

واشینگتۆن پۆست پێشتر لە ژمارەی ١٩ی ئۆكتۆبر (٢٦ی ڕەزبەر)ی خۆیدا باسی لە دەركردنی بڕیارێك لە لایەن قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودسەوە بۆ میلیشیا شیعە عێراقییەكان كردبوو كە تێیدا داوای لێ كردبوون بۆ بەشداری لە شەڕی حەلەبدا ڕوو لە وڵاتی سووریە بكەن. هێندێك لەو میلیشیا عێراقییانە لە وتووێژ لەگەڵ واشینگتۆن پۆستدا وێڕای پشتڕاستكرنی ئەو هەواڵە ڕایانگەیاندووە كە: جیاوازییەك لە نێوان شەڕ لە عێراق و سووریەدا نابینن، چوونكە لە هەر دوو وڵاتدا لە گەڵ دوژمنێك بەرەوڕوون.

لە شەڕی داگیركردنی شاری حەلەبدا هێزە وشكانییەكانی سپای پاسداران شانبەشانی هێزی تیرۆریستیی قودس و چەكدارانی ڕێژیمی ئەسەد و بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانیی ڕووسیە شەڕ دەكەن. سپای تیرۆریستیی قودسی ڕێژیمی ئێران هەروەها ئەركی ڕێكخستن، تەیاركردن و فەرماندەیی میلیشیا عێراقی، لوبنانی، پاكستانی، ئەفغانی، بەحرەینی و یەمەنییەكانی وە ئەستۆ گرتووە.

هەواڵەكان باس لەوە دەكەن كە میلیشیا شیعە عێراقییەكانی بەكرێگیراوی ڕیژیمی ئێران لەو شەڕەدا ئەو چەكە پێشكەوتووانەیان پێیە كە ئەمریكا بە مەبەستی شەڕ لەگەڵ داعش و گرتنەوەی مووسڵ پێی دابوون، بەڵام ئەو هێزانە بە چەكەكانییەوە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەنێردرێنە سووریە تاكوو لە سەركوتی خەڵكی ڕاپەڕیوی ئەو وڵاتەدا یارمەتیی ڕێژیمی ئێران و بەشار ئەسەد بدەن.