کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عابد فەتاحی: شوان پەروەر بە گۆرانییەكانی هەزاران گەنجی كوردی بە كوشتن دا

20:36 - 2 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: عابد فەتاحی نوێنەری كوردی شاری ورمێ لە مەجلیسی كۆماری ئیسلامیدا ڕایگەیاند كە، هونەرمەندی نەتەویی كورد شوان پەروەر، بە گۆرانییە بێ بنەماكانی خۆی، بەهەزاران لاوی كوردی بەكوشتن داوە.

عابد فەتاحی كە یەكێك لە كاندیدەكانی شاری ورمێ‏یە و شیاوبوونی لە لایەن شوورای نیگەهبانەوە پەسەند كراوە، لە كوبوونەوەیەكدا كە بۆ فریودانی خەڵكی دەڤەری مەڕگەوەڕ و لە تالاری گولستانی شارەدێی زێوە ڕێكی خستبوو، لەگەڵ پرسیاری هاوڵاتیانی ناوچەكە بەرەوڕوو بووەوە.

یەكێك لە بەشدارانی كۆبوونەوەكە پرسیاری لێ دەکات كە، بۆچی لە بەرانبەر لەسێدارەدانی نەمر شیخ نەمری سعوودی وەدەنگ هاتی و مەحكوومت كرد؟ بەڵام لە بەرانبەر لەسێدارەدانی فەرزاد كەمانگەردا بێدەنگیت هەڵبژارد؟ فەتاحی لە وەڵامدا دەڵێت كە؛ ئێرە جێگەی باسی سیاسی نیە!

عابد فەتاحی سەرەڕای ئەوەی كە لە وەڵامی هاونیشتیمانییەكدا دەڵێت؛ ئێرە جێگای باسكردنی مژارە سیاسییەكان نیە، بەڵام دواتر باس لە سیاسەتی هەرێمی كوردستان دەكات و ڕەخنە لە سیاسەتی پارتی دێموكراتی كوردستان – عێڕاق دەگرێت و هاوكات پشتیوانی لە سیاسەتەكانی یەكیەتیی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دەكات.

عابد فەتاحی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژە بە كەیسی كوژرانی شەیدا حاتەمی، خوێندكاری زانكۆی ورمێ دەكات و دەڵێت، شەیدا نەكوژرا و تەواوی ئەو لێدوان و هەواڵانەی لەو پێوەندیەدا بڵاو بوونەوە، دوور لە ڕاستی بوون.

عابد فەتاحی یەكێك لە مۆرە گرینگ و جێگەی باوەڕەکانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە پارێزگای ورمێ و بە تەواوی باوەڕمەند و پێڕەوی ویلایەتی فەقیهـە و پشتی لە نیشتمان و نەتەوەكەی كردووە.

ناوبراو لە دوو دەورەی ڕابردووی مەجلیسی كۆماری ئیسلامی‏دا، بە پشتیوانیی مادیی و مەعنەویی سپای پاسداران، وەكوو نوێنەری كوردی شاری ورمێ چۆتە مەجلیسی كۆماری ئیسلامی و بەردەوام لە هەوڵی خزمەت و خۆشخزمەتی بە سپای پاسداران و سیستمی ویلایەتی فەقیهـدا بووە.