کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی دیکەی سپای پاسداران لە سووریەدا کوژرا

15:35 - 1 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، یەکێکی دیکە لە فەرماندەکانی سپای پاسداران لە شەڕی سووریە و دژبەرانی بەشار ئەسەددا کوژرا.

موحسێن کەریمی سەرکردەی سپای پاسداران، لە پارێزگای ناوەندیی ئێران(اراک)، باسی لە کوژرانی یەکێکی دیکە لە فەرماندەکانی سپای پاسداران بە ناوی حەمید ڕەزا ئەنساری کرد کە لە شەڕی سووریەدا کوژراوە.

ڕاگەیەنەکانی ڕێژیم ئەو فەرماندەیەی سپایان بە ناوی سەردار ناوزەد کردووە.

هەرلەو پەیوەندییەدا، ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندان، بەرپرسی گشتیی دامەزراوەی بونیادی شەهید ڕایگەیاند: هەتاکوو ئێستا لە پارێزگای تاران، ١٢٣ پاسدار لە شەڕی سووریە و عێراقدا کوژراون.

حەوتووی ڕابردوو وەزیری دەرەوی ئێران بوونی ئەندامانی سپای پاسدارانی لە سووریە ڕەت کردبووەوە و ڕایگەیاندبوو؛ هێزەکانی ئێران لە سووریە تەنیا وەکوو ڕاوێژکاری نیزامی لەوێن.

هەتاکوو ئێستا ئامارێکی فەرمی لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سەبارەت بە کوژراوەکانی سپای پاسداران بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام ڕۆژانە، لە ڕاگەیاندنە نێوخۆییەکان، هەواڵی کوژرانی ئەندامانی سپای پاسداران بڵاو دەکەنەوە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هۆی هێرشی ئەم دوایانەی هێزەکانی ئێران بۆ باکووری شاری حەلەب، لە ماوەی یەک حەوتوودا، ٣٠هەزار کەس ئاوارە بوون، کە لە سەدا ٨٠ کەسیان ژن و منداڵ بوون.