کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قۆناغێکی نوێی گەمارۆکان بۆ سەر رێژیمی ئێران دەستی پێکردەوە

18:51 - 10 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: قۆناغێکی دیکە لەگەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کە بە بەهێزترین ئابلۆقەکان دژمێردرێت، لەسنای ئەو وڵاتە پەسەند کرا.

گەڵاڵەی بەهێزکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر رێژیمی ئێران لەلایەن مەجلیسی سنای ئەو وڵاتەوە پەسەند کرا و بۆ جێبەجێ کردنی پێویستە لەلایەن سەرکۆماری ئەمریکاوە واژۆ بکرێت.
بەپێی ئەو گەڵاڵەیە گەمارۆی زیاتر دەخرێتە سەر هەناردەی نەوتی ئێران و ئەو وڵاتانەی کە نەوتی ئێران هاوردە دەکەن دەبێ لەماوەی یەک ساڵدا هاوردە کردنی خۆیان هەتا یەک میلۆن بۆشکە کەم بکەنەوە.
نوێنەرانی موافق لەگەڵ ئەم گەڵاڵەیە لەو بڕوایەدان کە بۆ راگرتنی بەرنامە ناوکییەکەی ئێران جێبەجێ کردنی ئەم گەڵاڵەیە شتێکی پێویستە.
نوێنەرانی سنای ئەمریکا بۆ یەکەم جار بە شێوازی رێژەیی رایانگەیاندووە کە لە ماوەی یەک ساڵ‌دا پێویستە هەناردەی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە بۆ یەک ملیۆن بۆشکە کەم بکرێتەوە.

گەمارۆکانی سەر رێژیم لەماوەی ساڵەکانی ٢٠١١ و ٢٠١٢دا هەناردەی نەوتی ئێرانیان بۆ ٢٦ ملیارد دۆلار کەم کردۆتەوە.
دووبارە دابەزینی هەناردەی نەوتی ئێران

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەری رۆیتێرز، لەحاڵێکدا کە تازەترین گەڵاڵەی گەمارۆکانی سەر ئێران لەلایەن سنای ئەمریکاوە پەسەند کراوە، لەمانگی ژانویەوە تا ژوئەنی ٢٠١٣، هەناردەی نەوتی ئێران هەتا ٢٠% کەم بووەتەوە.
بەهۆی پاپەند بوونی وڵاتانی وەک چین، هیند، ژاپۆن و کورەی باشوور بە گەمارۆکانی ئەمریکا و یەکیەتی ئورووپا بۆ سەر رێژیمی ئێران، هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە لە کەمی داوە.
ئەمریکا و یەکیەتی ئورووپا بۆ ئاشکرا کردنی ئامانجەکانی بەرنامەی ناوکیی ئێران گەمارۆکانی خۆیان بۆ سەر ئەم رێژیمە بە بەردەوامی توندتر کردۆتەوە، بەڵام ئێران هەتا ئێستا ئامادە نەبووە کە ئامانجە ئاشتیخوازانەکانی بەرنامە ناوکییەکەی روون و ئاشکرا بکات.