کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەسر شیرین/ تەقینەوەی مین برینداربوونی منداڵێکی لێ کەوتەوە

15:05 - 15 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: منداڵێکی کوردی تەمەن ٨ ساڵەی خەڵکی سەرپێڵ زەهاو بەهۆی تەقینەوەی مینە چێنراوەکانی شەڕی ئێران ــ عێراق لە قەسر شیرین، لاقێکی لە دەست دا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، تەقینەوەی مینە چێنراوەکان لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران و بە تایبەت لە پارێزگای کرماشان، بەردەوام قوربانیی لێ دەکەوێتەوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، منداڵێکی کوردی تەمەن ٨ ساڵەی خەڵکی سەرپێڵ زەهاو بە ناوی \'\'دانا یووسفی\'\' کوڕی شێخ موراد بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دست دا.
دانا یووسفی منداڵی چکۆلەی ئەو بنەماڵە سەرپێڵ زەهاوییە بووە و بە مەبەستی بەسەربردنی کات و گەڕان چووبوونە دەرەوە کەلە شاری قەسر شیرین تووشی ئەو رووداوە هاتن.
بەپێی راپۆتێک کە پێشتر لە کوردستان میدیا بڵاو کراوەتەوە لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوییەوە هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩١، بەهۆی ٨٤ حاڵەتی تەقینەوەی مین لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەو شارستانە، ١٠ هاووڵاتیی کورد گیانیان لە دەست داوە.
لەم تەقینەوانەدا ٦٧ کەس بریندار بوون و هەروەها ٢١ ئۆتۆمبێلیش تێداچوون.
مین‌ڕێژ بوونی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران مەترسییەكی گەورەیە بۆسەر گیانی هاووڵاتییان و بەتایبەت دانیشتوانی ئوستانەكانی ئورمیە، ئیلام، كرماشان و سنه و ساڵانە چەندین هاوڵاتیی کورد دەبنە قوربانی.
٨٤ حاڵەتی تەقینەوەی مین لە ماوەی دوو ساڵدا لە شارستانی قەسر شیرین وەکوو نموونەیەک لە شارەکانی کوردستان لە کاتێک دایە کە لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە جێژنی خاوێنکردنەوەی کێڵگە مینەکان لە پارێزگای کرماشان بەڕێوە چووبوو.