کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەبەر کردنی جلوبەرگی کوردی لە ئورمیە/ راگەیاندنی دووبارەی شوناس و ناسنامەی کوردی

17:53 - 4 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: لەم دوایی‌یانەدا لاوانی کورد لە شاری ئورمیە بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی سیمای ئەو شارەیان رازاندۆتەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دوابەدوای گوشارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران وەکوو نەدانی مۆڵەتی بیناسازی بە هاووڵاتییانی کورد و قەدەغەکردنی نووسراوە کوردییەکان لەسەر تابلۆ و بەنێرە تەبلیغیاتییەکان و چۆڵکردنی گوندە کورنشینەکانی دەوروبەری ئورمیە، جارێکی دیکە لاوانی کورد لەو شارەدا بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی لەهەمبەر رێژیمی دەسەلاتداری پاوانخواز وەستانەوە و یەکیەتیی و یەکگرتووی خۆیان لە بەرانبەر ئەو رێژیمەدا راگەیاند.
دانی مۆڵەت بە قاوەخانە نەریتییەکان لە ئورمیە و کەڵک وەرگرتنی دەست و پیوەندییەکان رێژیم لەو قاوەخانانە لە بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان، کە مەترسییەکی جیددی بۆسەر هاووڵاتییان و لاوانی شاری ئورمیەی دروست کردووە، لە گوشارەکانی رێژیم لەو شارەدا دێنە ئەژمار.
هەنووکە لاوانی ئورمیەیی و بەتایبەت خوێندکارانی کورد بە لەبەر کردنی جلوبەرگی نەتەوەیی لە شوێنە گشتییەکان و زانینگەکان ئامادە دەبن و ئەم هەڵمەتەی لاوانی کورد هەتا رادەیەک برەو پەیدا کردووە کە سیمای شاری ئورمیەی بە تەواوەتی گۆڕیوە.