کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەسەدا ١٤ی منداڵانی ژێرەوەی تەمەن ١٠ ساڵ لە ئێراندا لە مافی خوێندن بێبەشن

15:51 - 10 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: زیاتر لە ١٤% منداڵانی تەمەن ٦ هەتا ١٠ ساڵ لە ئێراندا، خوێندەوارییان نییە و لە ریزی نەخوێندەواراندا دێنە ئەژمار.

بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی ئامووزش و پەروەرشی رێژیمی ئێران، زیاتر لە ١٢٠ هەزار منداڵی تەمەن ٦ هەتا ١٠ ساڵان لە ئێراندا لە مافی خوێندن بێ بەشن و وەکوو نەخوێندەواری رەها (بی‌سواد مطلق) ئەژمار دەکرێن.

هەر لەو پێوەندییەدا، بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، ساڵی رابردوو نزیکەی ٤ میلیۆن منداڵ لە خوێندن بێ‌بەش ببوون و ئەگەری ئەوە لە ئارا دایە بە زیاد بوونی گرفتی دارایی و ئابووریی خەڵکی ئێران، ئەو ژمارەیە زیاد بکات.

وازهێنان لە خوێندن بەهۆی گرفتی ماڵییەوە و کەمدەستیی بنەماڵەکان لەمەڕ ناردنە بەر خوێندنی منداڵەکانیان و دابین کردنی بەستێنی خوێندن لە کاتێک دایە کە بە سەرنجدان بە بڕگەی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی ئێران، دەوڵەتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەرکدارە هەتا خزمەتگوزاریی پەروەردە و بارهێنانی هاووڵاتییان هەتا کۆتایی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات.

بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، لە ئێراندا ٩ میلیۆن و ٧١٩ هەزار نەخوێندەوار بوونی هەیە کە ٣ میلیۆن و ٤٥٦ هەزار کەسیان لە مەودای تەمەنیی نێوان ١٠ هەتا ٥٠ ساڵان دان.