کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەماوەیەكی زەمەنی كورتدا ٥ هاووڵاتیی لەناوچەی ژاوەرۆی سنە دەستبەسەركراون

16:11 - 16 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی جواروجۆر ٥ هاووڵاتیی كوردیان لەئاوایی هوویە‌ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە دەستبەسەر كردووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، چەند رۆژ لەمەوبەر سێ‌لاوی ئاوایی هوویە بە ناوەكانی سەردار ئەحمەدی، ئازاد رۆستەمی و بەهمەن رۆستەمی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر كران.
ئەو دەستبەسەر كردنانە لەحاڵێكدایە كە ماوەیەك لەمەوبەر كوڕ و كچێكی ئاوایی هوویە بە ناوەكانی رۆژین رۆستەمی و جەماڵ رۆستەمی دیار نامێنن و دواتر وێنەی ئەو دوو لاوە بە چەكەوە كە گۆیا چوونەتە ناو یەكێك لەحیزبە ئۆپۆزیسیۆنەكان بڵاو كراوەتەوە.
بنەماڵەی ئەو دوو لاوە دوای بەدواداچوونێكی زۆر بۆیان دەردەكەوێ‌كە رۆژین و جەماڵ نە تەنیا ئەوەی كە لەئێران نەچوونەتە دەر بەڵكوو لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانەوە دەستبەسەر و ئەو سیناریۆیان بۆ دروست كراوە.

هەنووكە یەكێك لەو پێنج لاوە دەستبەسەركراوەی ئاوایی هوویە بەناوی بەهمەن رۆستەمی بە شێوەی كاتی ئازاد كراوە و هیچ زانیارییەك لەچارەنووسی ئەو چوار كەسەی دیكە لەبەر دەستدا نیە.