کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ترسی ڕاسان نەرمی دەنوێنن

15:54 - 26 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسداران و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان بەردەوام لە هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ سپای پاسدارانی ڕێژیم و وەزارەتی ئیتلاعات لە پاش دیتنی کاریگەرییەکانی ڕاسان و پێشوازی گەرمی خەڵکی ڕۆژهەڵات، دیسانەوە وەخۆکەوتوون و ئەمجارەیان دەیانهەوێ بە نەرمی نواندن بەرامبەر خەڵک بەتایبەت لاوانی کورد ڕێگری بکەن لە پەیوەست بوونیان بە ڕاسانەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە وەزارەتی ئیتلاعات سەبارەت بەو لاوانەی کە هاتوچۆی ناوندە ڕوناکبیرییەکان دەکەن هەوڵ دەدات بە یارمەتی وەرگرتن لە ڕەوتەکانی وەک ئیسڵاحتەڵەبەکان ئیمتیاز و ئیمکانی بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوەیان پێبدات و بە بەڕێوەبردنی ئێوارە شێعر و کۆڕی ڕەخنەیی و پێشانگای وێنە و نیگارکێشان سرنجیان رابکێشێت و وەها پیشان بدات کە ئازادییەکانیان پارێزراون.

هەروەها بەبڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات ئەو لاوانەی کە لە ناوەندە وەرزشییەکاندا چالاکن، بەتایبەت لە بواری ڕەزمیدا، ئیمتیازی جۆراوجۆریان پێدەدرێت و وێڕای ئاسانکاری بۆ بەڕێوەبردنی کێبڕکێ بەمەبەستی سەرقاڵ کردن و دڵخۆشکردنیان، بەمەرجێک کە ببنە ئەندامی ڕێکخراوەی تێرۆریستی بەسیج دەیانکەنە داوەر و نێوبژیوان لە ئاستی پارێزگا و گشتی ئێراندا.

لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە ڕێژیم بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە فازێکی نوێدا ئەو چالاکە سیاسییانەی کە ئاستی خوێندەواری بەرزیان نییە بانگهێشت دەکات و پاشان لە یەکێک لە ناوەندە حکومەتییەکان، لەوانە شارەدارییەکان یان فەرماندارییەکان و ئیدارەی موخابرات، دایاندەمەزرێنێت کە ناوی بەشێک لەو کەسانە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە.

سەبارەت بەو کەسانەش کە ئاستی بەرزی خوێندنیان هەیە رێژیم لە هەوڵدایە تاکوو بە نیزیکبوونەوە لێیان لە بیروبۆچوونەکانیان تێبگات؛ لەهەندێک حاڵەتیشدا دەیانگرن و پاش چەند کاتژمێر ئازادیان دەکەن و پاش درووست کردنی پەروەندە بۆیان یەکێک لە مۆرەکانی خۆیان دەکەنە بەرپرسی پەروەندەکەیان و بەردەوام لەژێر چاودێرییان دەخەن و لێیان نیزیک دەبنەوە.

هەروەها مۆرە بەدناوەکانی ڕێژیم لە ئاستی شارەکاندا بەبەردەوامی سەردانی چالاکانی ناسراوی نێو شارەکان دەکەن و لە پێش چاوی خەڵک و بیروڕای گشتی وا دەنوێنن کە دۆستایەتییەکی نیزیکیان لەگەڵیاندا هەیە کە ئەمەش زیاتر بۆ ئەو مەبەستەیە کە لەلای خەڵک پێگەیان پەڵەدار بکەن.

لە نێو کۆڵبەران و ئەو کەسانەشدا کە لە بازاڕە سنوورییەکاندا سەرقاڵی دابین کردنی بژێوی ژیانیانن، رێژیم هەوڵی داوە مۆرەکانی خۆی تێبخزێنێت و بە دانی وادە و بەڵێنی لە ڕاسانیان دوور بخاتەوە و ئەگەر تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش بووە هەوڵ دەدات کەف و کۆڵی ناڕەزایەتییەکانیان دامرکێنێتەوە.

یەکێک لەو ئیمتیازانەی کە بەم کاسبکارانە دراوە ئەوەیە کە پێیان وتوون ئەگەر هاوکاریمان بکەن ئیزن دەدەین بارەکانتان بەبێ هیچ کێشەیەک بۆ ئەو دیو سنوور بگوازنەوە.

پێشتریش کۆماری ئیسلامی لە رێگەی کەسانێکی وەک حەمیدڕەزا جەلایی پوور کە بە چالاکی ئیسڵاحخواز دەناسرێ یان بەهۆی ئیدارەی دەنگ و ڕەنگەوە و بەسازکردنی فیلمی دیکیۆمێنتاری وەک کاک و جاش یان بەهۆی کەسە بەکرێگیراوەکانی خۆی لە مەجلیس لەوانەش عەبدولکەریم حوسێن زادە لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە شوێندانەرییەکانی ڕاسانی ڕۆژهەڵات کەم بکاتەوە؛ هەوڵێک کە بەڕای کارناسان تەنیا خۆماندووکردنێکە و هیچی دیکە.