کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سووریە ٦٥٠ کەس بەهۆی چەکی کیمیایی گیانیان لەدەست دا

23:22 - 30 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: بەکار هێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن رێژیمی سووریەوە، ٦٥٠ کەسی کوشت و بووە هۆی بریندار بوونی زیاتر لە ٣٦٠٠ کەسی دیکە.


دژبەرانی رێژیمی سووریە بڵاویان کردووەتەوە، هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەد بە بەکارهێنانی مووشەکی زەمین بە زەمین لە جۆری سارین کە هەڵگری گازێکی خنکێنەر بووە، ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشقی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا سەدان کەس کوژراون.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتە روو، بەکار هێنانی ئەو جۆرە چەکە، لە ناوچەی حامووریە ٧٨ کەسی کوشتووە و لە ناوچەکانی ئیربین، سەبقا و کەفر بەتنا، بە ریز ٦٧، ١٤٠ و ٥٠ کەسی دیکە کوژراون و ٣٦٠٠ بەوهۆیەوە بەتوندی بریندار بوون.
کارناسانی بواری چەکە کمیایی‌یەکان رایانگەیاندووە، ئەو چەکە کە لەلایەن هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەدەوە بەکار هێنراوە، چەکی کمیایی لەجۆری سارین بووە.
ساڵی رابردووش هێزە چەکدارەکانی رێژیمی سووریە چەکی کیمیاییان لەدژی گرووپە چەکدارەکانی ئوپۆزسۆنی ئەو وڵاتە بەکار هێنا، کە دواتر ئەنجام دانی ئەو کارەی خستە ئەستۆی ئوپۆزسیۆن.
هاوکات کۆمکاری عەرەبی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن هێزەکانی رێژیمی بەشار ئەسەدەوە مەحکووم کرد و بە رووداوێکی ترسناک لەقەڵەمی داوە و داواشی کردووە شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی دڵنیابوونەوە، سەردانی ئەو شوێنە بکات.
ویلیام هیگ، وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی، ئەو کردەوەی بە دژە مرۆیی وەسف و مەحکووم کرد و راشیگەیاند: رێژیمی سووریە رێگا بە شاندی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات، هەتا سەردانی ئەو شوێنە بکەن کە چەکی کیمیایی تێدا بەکار هێنراوە.
ئەو شوێنە کە کیمیایی باران کراوە، ناوی \'\'خورتە\'\'یە لە رۆژهەڵاتی شاری دیمەشق پێتەختی وڵاتی سووریە هەڵکەوتووە.
رێژیمی سووریە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن هێزەکانی خۆیەوە رەت کردووەتەوە.