کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شەڕی ناوخۆیی سووریەدا زیان بە ٥،٥ میلیۆن منداڵی سووری گەیشتووە

15:53 - 20 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: بەگوێرەی نوێ‌ترین راپۆرتەکانی رێکخراوی جیهانیی یوونیسێف، لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی ناوخۆیی سووریەدا، ئەو وڵاتە بووەتە مەترسیدارترین وڵات بۆ منداڵان.
رێکخراوی یوونیسێف لە راپۆرتێکدا لەسەر بارودۆخی منداڵانی ئەو وڵاتە، دۆخی منداڵانی ئەو وڵاتەی بە نالەبار وەسف کردووە و رایگەیاندووە: کە سووریە یەکێک مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان بۆ منداڵانە.
بەگوێرەی نوێ‌ترین راپۆرتەکانی یوونیسێف، ژمارەی قوربانییانی منداڵی شەڕی ناوخۆیی سووریە لەم ساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو دوو قات زیادی کردووە.
ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە کە یەکێک لە رێخراوەکانی چالاکی بواری مافی منداڵانە، ژمارەی منداڵانی کوژراوی شەڕی ناوخۆیی سووریەی، لانی‌کەم ١٠ هەزار منداڵ راگەیاندووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، لە شەڕی سووریەدا ٥،٥ میلیۆن منداڵی سووری زیانیان پێ گەیشتووە کە لەو نێوەدا ٢ میلیۆنیان پێویستییان بە پاڵپشتیی دەرمانی لە باری رۆحی و دەروونی هەیە.
لەلایەکی دیکەشەوە سەندووقی پاڵپشتی لە منداڵانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا رایگەیاندبوو: کە تەمەنی ئەو منداڵە سوورییانە کە تێکەڵ بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان بوون، گەیشتووەتە ١٢ ساڵ.
بەگوێرەی توێژینەوەکان کە لەلایەن دامەزراوەی چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤی \'\'سیواسیتە\'\' بڵاو کراوەتەوە، لە هەر ٥٠ خولەکدا منداڵێکی سووریە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سووریەوە گیانی لە دەست دەدا.
لەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئاناتۆلی بە پشت بەستن بە بڵاوکراوەکانی رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە لە پێوەندی لەگەڵ رۆژی جیهانیی ژن بڵاوی کردووەتەوە، زۆرینەی ژنانی سووریە کە ژمارەیان لە ١٣ هەزار ژن تێپەڕ دەبێت، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی رێژیمی سووریە دەکوژرێن.
بەگوێرەی راپۆرتی ئەم رێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ، لەسەدا ٨٧ی ئەو ژنانە کە گیانیان لە دەست دەدەن، هاووڵاتیی سڤیلی سوورین.
ئەو ناوەندە هەروەها راشیگەیاندووە: ژنان لەسەدا ١١ی ئاماری کوژراوانی شەڕی ناوخۆیی سووریە پێک دەهێنن.
بەگوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ١٤٠ هەزار کەس کوژراون و ژمارەی ئاوارەکانیش لە ٧ میلیۆن کەس تێپەڕیوە.