کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٦ مانگی رابردووەوە، ٤٨٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە سنە رووی داوە

15:49 - 8 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، لە خانوو و شوێنە گشتییەکان و هەروەها لەوەڕگە و دارستانەکانی شاری سنە، زیاتر لە ٤٨٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە رووی داوە.


هەواڵدەری \'\'مێهر\'\' لە زاری بەرپرسی گشتیی ئاگرکوژێنەوەی شاری سنە بڵاوی کردەوە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ٤٨٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لەلایەن ئەو ناوەندەوە تۆمار کراوە.
ئاگرکەوتنەوە لە مەیدانی \'\'دارفرۆشان\'\' و \'\'چیای ئاویەر\'\'، بە گەورەترین ئاگرکەوتنەوەکانی شاری سنە هەژمار دەکرێن کەلە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا روویان داوە.
لە \'\'چیای ئاویەر\'\'ی شاری سنە، لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا ١٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە رووی داوە.
بەرپرسی گشتیی ئاگرکوژێنەوەی شاری سنە، کەمیی هێزی مرۆیی و کۆن بوون و کەمیی ماشینەکانی ئاگرکوژێنەوەی، بە یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی شاری سنە لەقەڵەم دا.
بە لەبەر چاوی گرتنی ستانداردەکان، دەبێ ژمارەی هێزەکانی ئاگرکوژێنەوەی شاری سنە ٢٥٠% زیاد بکرێت و لە ٨٠ کەسەوە بکرێت بە ٢٠٠ کەس.
ماشیەنەکانی ئاگرکوژێنەوەی ئەو شارە تەمەنیان بۆ ٤٥ ساڵ دەگەڕێتەوە و لەو روەوە بە کەڵکی بەکارهێنان نایەن و لە کاتی هاوکاری گەیاندن بە هاووڵاتییان توشی کێشە دەبنەوە.