کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی، ٤٠ رۆژنامەنووس لە جیهاندا کوژراون

22:20 - 30 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: لە نوێترین راپۆرتێکدا کە گرووپێکی نێودەوڵەتیی پاراستنی رۆژنامەنووسان بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣دا، ٤٠ رۆژنامەنووس کوژراون.

هەواڵدەریی \'\'رۆیتێرز\'\' لە زاری گرووپێکی چالاکی پاراستنی میدیاکاران و رۆژنامەنووسان بڵاوی کردەوە، سەرەڕای کوژرانی ٤٠ رۆژنامەنووس لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی لە ئاستی جیهاندا، چارەنووسی ٢٧ رۆژنامەنووسی دیکە لەم ماوەیەدا ناڕوونە.

لەو ماوەیەدا وڵاتی سووریە بە کوژرانی ٨ رۆژنامەنووس، زیاترین رێژەی کوژرانی رۆژنامەنووسانی مسۆگەر کردووە کە ئەو رێژەیە لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٢ی زایینیدا، ٧٠ رۆژنامەنووس بووە.

هەواڵدەریی رۆیتێرز لە ژنێڤ کە مەقەری سەرەکیی لە شاری لەندەن، پێتەختی وڵاتی بریتانیایە ئەوەشی خستووەتە روو، هەتا ئێستا هیچ تۆمەتبارێک بە تاوانی کوژرانی ئەو رۆژنامەنووسانە دەسبەسەر نەکراوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە، شەش رۆژنامەنووس لە هیند، پێنج رۆژنامەنووس لە پاکستان و سێ رۆژنامەنووس لە بەرزیل پاش سووریە، بەڕیز پلەی دووهەم، سێیەم و چوارەمیان لە کوژرانی رۆژنامەنووسان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣دا مسۆگەر کردووە.

لە بەرزیل هەواڵنێرێکی رادیۆ و وتارنووسێکی بواری تاوان و جینایەت لەلایەن هێرشکارانەوە کوژراون و وێنەگرێکیش هەر لەو وڵاتەدا تووشی چارەنووسێکی هاوشێوە بوو.

بەهۆی توندتر بوونەوە گرژییەکانی نێوان هێزە ئەمنیەتییەکان و میلیشیاکانی دژبەری دەوڵەتی پاکستان، ئەو وڵاتە لە باری پاراستنی رۆژنامەنووسانەوە ناسەقامگیر بووە، بە چەشنێک کە لە ماوەی شەش مانگدا ٥ رۆژنامەنووسی تێدا کوژراوە.

سەرەڕای ئەو ٤٠ رۆژنامەنووسە، ٣ چالاکی میدیاییش لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣، لە ئاستی جیهاندا کوژراون.