کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی مانگێک‌دا، ٨ کرێکار لە کاتی کار کردن لە کوردستانی ئێراندا بوونەتە قوربانی

00:06 - 3 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: بەهۆی رووداوی کارەوە ٨ کرێکاری کورد لە کوردستانی ئێراندا بوونەتە قوربانی. لەم ٨ کرێکارەدا ٦ کرێکار گیانیان لە دەست داوە.


بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە درێژەی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاویدا، کرێکاریکی خەڵکی کرماشان، ٥ کرێکاری خەڵکی شاری سنە و دوو کرێکاری خەڵکی پارێزگای ئورمیه، بەهۆی رووداوی کار و ناستاندارد بوونی ئامرازەکانی پاراستنی کرێکاران، بوونەتە قوربانی.
لە تێکڕای ئەو قوربانییانەدا ٦ کرێکار گیانیان لە دەست داوە و دووی دیکەش بریندار بوون.
کرماشان

بارودۆخی نالەبار و ناستانداردیی رێوشوێنەکانی پاراستنی کرێکاران لە کاتی کار کردن لە ئێراندا، کۆمەڵێک کرێکار دەکاتە قوربانی و ئاماری قوربانییانی رووداوی کار رۆژ لەدوای رۆژ لە هەڵکشان دایه.
رێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی کرێکارێکی کوردی خەڵکی شاری پاوە بەناوی \'\'عەبدولواحید وەیسی\'\' لە کاتی کارد کردندا لە بەنداوی داریان، تووشی رووداوی کار بوو و بە توندی لەلایەن دەست و دەموچاوییەوە بریندار بوو.

6326.jpg
بەنداوی داریان


ئەو رووداوە بەهۆی رەچاو نەکردنی رێنمایی‌یەکان لە کاتی کارکردندا هاتووەتە ئاراوە و جێ پەنجەی کەمتەخەمیی‌یەکانی بەرپرسان لەو رووداوەگەلەدا بەرچاو دەکەوێت.
کوردستان

رێکەوتی ١٠ی گەلاویژی ١٣٩٢ی هەتاوی، کرێکاریکی بیناسازی بەناوی \'\'رامین گوڵ محەممەدی\'\' تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی گوندی \'\'تەنگی وەری\'\'ی سەربە شارستانی کامیاران بەهۆی رووداوی کارەوە گیانی لەدەست دا.
ئەو کرێکارە کوردە لە بینایەکی شاری کرماشان خەریکی کرێکاری بووە و بەهۆی نەبوونی پێداویستیی پێویست لەمەڕ پاراستنی کرێکاران، لەسەر داربەست بەر بووەتەوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.
رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، کرێکارێکی دیکەی کورد بەناوی \'\'سامان عەلیڕەمایی\'\' خەڵکی گوندی \'\'بێساران\'\'ی سەربە شارستانی سنە لە کاتی کار کردندا، تووشی بەرق گرتوویی بوو و لە ئاکامدا گیان لە دەست دا.
درێژ بوونی ماوەی کار کردن لە رۆژێکدا، پیس بوون و ناتەندروست بوونی شوێنی کار و نەبوونی لانیکەمی ئامرازەکانی خۆپاراستن، رۆژانە گیانی کرێکاران لە ئێراندا دەگرێت.
هەر لەو پێوەندییەدا رێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ، بەرقکارێکی دیکەی کورد بەناوی \'\'تالب محەممەدی نیا\'\' بەهۆی بەرق گرتوویی‌یەوە و بەربوونەوە لە بەرزایی بە توندی بریندار بوو و هەر لەو رۆژەدا کرێکارێکی دیکەی کورد کە ناسنامەی ئاشکرا نەبووە لە گوندی \'\'سوورچی\'\'ی سەربە شارستانی کامیاران بەهۆی رووداوی کارەوە گیانی لە دەست دا.
\'\'مەعرووف نمەکی\'\' تەمەن ٢٧ ساڵ و کوڕی \'\'محەممەد کەریم\'\' ناوی کرێکارێکی دیکەی کوردە کەلە کۆتایی‌یەکانی مانگی گەلاوێژ بەهۆی بەر بوونەوە لە بەرزایی، لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەتوندی بریندار و لە ئاکامدا گیانی لە دەست دا.
بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار و زۆر بوونی رێژەی بێکاری لە ئێراندا، زۆربەی کرێکارانی دانیشتووی کوردستانی رۆژهەڵات بە مەبەستی دۆزینەوەی کار روو لە هەرێمی کوردستانی باشوور دەکەن.
ئورمیه

رێکەوتی ٩ی گەلاوێژ کرێکارێکی دیکەی کورد بەناوی \'\'مێهدی قارەمانلوو\'\' تەمەن ٣٢ ساڵ لە کاتی خاوێن کردنەوەی کۆڵان و شەقامەکانی شاری چاڵدوران، تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو و لە ئەنجامی پێکدادانی ٢ ماشین، گیانی لەدەست دا.
لە رێکەوتی ٢١ گەلاوێژیش لە ئەنجامی وەرگەڕانی ماشینێکی بارهەڵگر لە رێگای تیکاب، کرێکارێک بەناوی \'\'مەولوود شوجاعی\'\' کوڕی \'\'ئەحمەد\'\' گیانی لەدەست دا.
پرتووکانی ئامرزاەکانی کار کردن و نەبوونی داهاتی پێویست لەمەڕ دابین کردنی هەلومەرجی لەبار لەکاتی کار کردن، درێژ بوونی ماوەی کار کردن و کەمیی وچان و ئیستراحەت، بەشێک لەو هۆکارانەن کە کرێکاران دەکاتە قوربانی.
ماندوویی جەستەیی و رۆحی، لەدەست دانی تەندروستی و ماندوویەتی لەرادەبەدەر هۆکارگەلێکی دیکەن کە وەکوو هۆکاری گیان لەدەست دان و برینداریی کرێکاران ناویان لێ دەبرێت.

راپۆرت: ئیسماعیل زوورمەند