کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە شەڕی سووریە ١٣٦ کەس کوژراون

22:51 - 18 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوو ١٣٦ کەس کوژراون کە زۆربەی ئەو کوژراونە دانیشتووی شاری حەڵەبن.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریە، لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان رێژیمی بەشار ئەسەد و دژبەرانی رێژیمی سووریە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوو ١٣٦ کەس کوژراون کەلە نێو ئەو کوژراوانەدا ٦ منداڵ و ٣ ژن دەبینرێن.
هەروەها لە ئەنجامی شەڕ و پێکدانەکانی نێوان هێزەکانی بەشار ئەسەد و دژبەرانی رێژیمی سووریە ٤٠ کەس لە شاری حەڵب کوژراون و بەسەدان کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون.
هەروەها لەو شەڕ و پێکدادنەدا ٤٠ سەربازی رێژیمی بەشار ئەسەد کوژراون.
لە پێوەندییەدا بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، شەڕی نێوخۆیی سووریە ١٥٠ هەزار کوژراوی لێکەوتۆتەوە کە ٣٧ هەزار و ٨٠٠ کەس لەو کوژراوانە لە دژبەرانی رێژیمی سووریە و ٥١ هەزار و ٢١٢ کەسیش هاووڵاتیی سڤیل بوون کەلە شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتە کوژراون.