کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ناوچەی پیرانشار شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان خەڵک و هێزەکانی رێژیمدا رووی دا

17:10 - 27 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: شەڕ و تێکهەڵچوونی خەڵک و هێزە ئینتزامییەکان لە ناوچەی پیرانشار، هێزەکانی ناچار کرد بەرەو مۆڵگەکانیان پاشەکشە بکەن.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرلەبەیانیی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی، لەنێوان خەڵکی گوندی \'\'قەبری حوسێن\'\' سەربە ناوچەی \'\'مەنگوڕایەتی\'\'ی پیرانشار، و هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران جێگیر لە هەنگی چیانە، شەڕ و تێکهەڵچوون رووی دا.
ئەو تێکهەڵچوونەی خەڵک لەگەڵ هێزەکانی رێژیم لە کاتێکدا هاتووەتە ئاراوە کە ئەو هێزانە دەستییان بەسەر جەڵەبێک لە مەڕوماڵاتی ژمارەیەک هاووڵاتیدا گرتووە کە ویستوویانە بە مەبەستی فرۆشتن بیبەنە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەلایەن ئەو هێزانەوە دەست بەسەر ئەو مەڕوماڵاتەدا گیراوە.
هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران لە کاتی گەڕاندنەوەی مەڕومالاتەکە، لەگەڵ پەرچەکرداری توندی دانیشتوانی گوندی \'\'قەبری حوسێن\'\' بەرەوڕوو بوونەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لەو هێزانە کەوتنە بەر لێدانی توندی هاووڵاتییان و ژمارەیەک لە ماشینەکانی هێزی ئینتزامی لە جۆری تۆیۆتا تێکشکێنران.
لەو تێکهەڵچوونەدا هێزە ئینتزامییەکان تەقەیان لە هاووڵاتییان کردووە، بەڵام نەیانتوانیوە بڵاوە بە خەڵکی توڕە و ناڕازیی قەبری حوسێن بکەن و بەهۆی زەخت و گوشاری لە رادەبەدەری خەڵک، هێزەکان بەناچاری بەرەو مۆڵگەکانیان پاشەکشەیان کردووە.
لەم تێکهەڵچوونەدا خەڵک دەستی بەسەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییاندا گرتەوە، بەڵام چوار سەر لەو مەڕوماڵاتە لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بە کوشت چوون.