کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کرماشان رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش رووی لە کەمی کردووە

23:03 - 20 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: ئاماری سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ، دەرخەری کەم بوونەوەی رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەلایەن لاوانی پارێزگای کرماشانە.
بەرپرسی گشتیی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتیی پارێزگای کرماشان بە هەواڵدەریی \'\'مێهر\'\'ی گوتووە: لە سێ مانگەی یەکەمی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٤ هەزار و ٥٠٠ کەیسی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە پارێزگای کرماشاندا رووی داوە کە ئەمەش نیشانەی کەم بوونەی رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەو پارێزگایە دایە.
ئەحەد جوودی، وێڕای ئاماژە بە دابەزینی لەسەدا ٣٠ی رێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە نێو لاوانی پارێزگای کرماشاندا پەڕژاوەتە سەر ئەوەش کە ئەو ئامارانە لەو پارێزگایەدا گۆڕانی بەسەردا دێت و بەگشتی هەنووکە دابەزینی بەرچاوی لەهەمبەر وەرزەکانی پێشوو بە خۆوە بینیوە.
نالەباریی دۆخی ئابووری، بێکاری، کەمیی داهات، چاوەڕوانیی لەڕادەبەر لە ژیانی هاوبەش لەلایەن ژنان یان پیاوانەوە، تێکچوونی پێوەرەکانی ژیانی هاوبەش لە کۆمەڵگادا و لە ئەنجامدا تووش بە کیشەی دەروونی لە ئاکامی ئەو گوشارانەدا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی لاوازیی ژیانی هاوبەشی لاوان و جیابوونەوەن.
دابەزینی ئاستی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەلایەن لاوانی کرماشانەوە بەتایبەتی و ئێران بەگشتی، لە کاتێک دایە کە رێژیمی ئێران پڕوپاگەندەیەکی بەربڵاو و میدیایی بۆ راکێشانی لاوان بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش وەڕێ خستووە، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ ئەو رێژەیە لە دابەزین دایە.