کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئەگەری سەلماندنی تەقینەوەی لاکربی، پەروەندەی ئێران وەکوو تیرۆریزمی نێودەوڵەتی وەگەڕ دەخرێتەوە

12:38 - 22 رەشەمه 2713

کوردستان میدیا: تەقینەوەی فڕۆکەی پان ئەمەریکەن\'\' کە ٢٦ ساڵ پێش ئیستا رووی دا و دەوڵەتی قەزافی بە تاوانباری ئەو کارە تیرۆریستییە ناسێنرا، کاری رێژیمی ئیسلامیی ئێران و بە فەرمانی راستەوخۆی خومەینی ئەنجام دراوە.
تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٠ی رەشەمە لە زاری \'\'ئەبولقاسم مێسباحی\'\' لێپرسراوی پێشووی وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران بڵاوی کردەوە، تەقینەوە نێو فڕۆکەی \'\'پان ئەمەریکەن\'\' لە رێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی کە ٢٧٠ کوژراوی لێکەوتەوە، کاری رێژیمی ئیسلامیی ئێران بوو.
لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا کە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەی \'\'پان ئەمەریکەن\'\'ی لێکەوتەوە، ٢٥٩ سەرنشینی ئەو فڕۆکەیە و ١١ دانیشتووی گوندی \'\'لاکربی\'\' لە وڵاتی ئیسکاتلەند، کوژران.
لەو سەردەمەدا دەوڵەتی ئەمریکا، وڵاتی \'\'لیبی\'\'ی لەو تەقیەنەوەدا بە بەرپرسیار زانی و مەعمەر قەزافی لەژێر گوشار و هەڕەشەی ئەمریکا بە ناچار دوو ئەندامی پایە بەرزی وەزارەتی ئیتلاعاتی وڵاتەکەی رادەستی ئیسکاتلەند کرد و سزای زیندانی هەتاهەتایی‌یان بۆ بڕایەوە.
هەنووکە ئەم بەرپرسەی پێشووی وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەو نهێنییەی ئاشکرا کردووە کە خومەینی لەهەمبەر تۆڵەسەندنەوە لە بەرانبەر سەرنخوون بوونی فڕۆکەی \'\'ئەیر باس\'\'ی ئێرانی لەسەر ئاوەکانی کەنداو بە دەستی ناوگانی ئەمریکایی، فەرمانی تەقاندنەوەی \'\'پان ئەمەریکەن\'\'ی دەرکردووە.
لەو سەردەمەدا رێژیمی ئیسلامیی ئێران پێوەندیی بە \'\'ئەحمەد جیبرەییل\'\' فەرماندەی گشتیی ئەرتشی فەلستینەوە گرتووە و ناوبراویش بە هاریکاریی حیزبوڵڵا ئەو تەقینەوەی ئەنجام داوە. تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە لە کاتێکدا لە زاری ئەو بەرپرسەی پێشووی وەزارەتی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران کە هەنووکە لە وڵاتی ئاڵمان نیشتەجێیە و پەنابەریی ئەو وڵاتەی وەرگەتووە ئەو بابەتەی وروژاندووە کە کاترین ئاشتۆن لە سەردانێکدا لە تاران بووە.
ئەلجەزیرە بڵاوی کردووەتەوە کە بەڵگەی بەهێز و باوەڕپێکراو کە دەرخەری ئەوە بێت کە رێژیمی ئیسلامیی ئێران فەرماندەری ئەو تەقینەوە تیرۆریستییە بووە لەبەر دەست دایە و کارناسانی ئەمنیەتیی ئەو بەڵگەیان تەیید کردووە.
کارناسان و راڤەکارانی سیاسی لەو بڕوایە دان: ئاشکرابوونی ئەو نهێنییانە زەبری کاریگەر لە پرۆژەی سازشی وڵاتانی رۆژئاوای لەگەڵ رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەدات، بە تایبەت لە سەردەمی تەقاندنەوەی فڕۆکەی \'\'پان ئەمەریکەن\'\'ی ئەمریکایی لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە کە کەسانێک وەکوو حەسەن رۆحانی و هاشمی رەفسەنجانی بڕیار بەدەست بوون، رێگا بۆ تێکدانی پێوەندیی دوو لایەن هەموار دەکات.
بە وتەی کارناسان، لە ئەگەری سەلماندنی قسەکانی ئەبولقاسم مێسباحی، بەهۆی گوشار و تووڕەیی خەڵکەوە تێکڕای رێککەوتنەکانی ژنێڤ هەڵدەوەشێتەوە و دۆسیەی ئێران وەکوو تیرۆریزمی نێودەوڵەتی بۆ جارێکی دیکە وەگەڕ دەخرێتەوە. هەر بۆیە خامنەیی لەم دوایی‌یانەدا رایگەیاندبوو کە ئەگەر مەسەلەی بەرنامەی ناوکیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوایی بگاتە ئەنجام، دیسان رۆژئاوا و ئەمریکا واز لە گەمارۆکان ناهێنن.
کارناسان دەڵێن: ئەمە بە مانای شکستهێنانی تێکڕای رێککەوتنەکان و قووڵ‌تربوونەوە کێشە و ئاڵوزییەکانی نێوان رێژیمی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوایی‌یە.