کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مارک تۆنێر: عێراق یکپارچە بمێنێتەوە باشتره

15:18 - 29 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: مارک تۆنێر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە؛ عێراق بە یکپارچەیی بمێنێتەوە باشترە و هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی ڕانەگەیەنێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە کە؛ ئێمە بە ڕوونی هەموو جاڕیک لەسەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان گووتومانە کە کوردستان لە عێراق جیا نەبێتەوە و لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق پێداگریمان کردووە.

تۆنێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە ڕۆڵ و گرینگیی هێزی پێشمەرگە دژی شەڕی داعش کرد و پشتیوانیی ئەمریکای بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

ئەو قسانەی مارک تۆنێر لە کاتێک‌دایە کە پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بووەتە ڕۆژڤی کۆڕ و کوبوونەوە سیاسییەکان و مەسعوود بارزانیش باس لە خۆ ئامادەکردن بۆ ڕێفراندۆم دەکات.

هەروەها حەیدەر عبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند ڕۆژ پێش ڕایگەیاند کە؛ هەرێمی کوردستان لە عێراق جیا بێتەوە و سەربەخۆ بێت باشتره.

هەرێمی کوردستان هەنووکە نەوتی خۆی سەربەخۆ لە بازاڕەکانی جیهان دەفرۆشێت، کە ئەوەش ناڕەزایەتیی بەغدای لێ‏کەوتووەتەوە.

بەهۆی ئەوەیکە دەوڵەتی عێراق توانای ئەوەی نیە بەسەر کێشە و قەیرانەکان‌دا سەرکەوێت و ناتوانێت دژی تیرۆریزم شەڕ بکات و هەروەها یەکگرتووییەک لە گوتاری بەرپرسانی باڵای سیاسیی ئەو وڵاتەدا بوونی نیە، هەرێمی کوردستان داوای سەربەخۆیی دەکات و لەو پێوەندییەش‌دا، وڵاتانی ناوچەکە وەک تورکیە و وڵاتانی عەرەبی، پشتیوانیی خۆیان لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.